دوای ئەوەی هاتە راگەیاندن كە یەكێتی و هەندێك فراكسیۆنی عەرەبی و بابلیوون، بەنیازن ئەمشەو لە بەغدا دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ساز بكەن و پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بە رێككەوتن تێپەڕ بكەن، جیا لە پارتی و بەرەی توركمانی، فراكسیۆنی كۆمەڵەی عەرەبی دانیشتنەكەیان بەو شێوە و بێ رێككەوتنی هەموو لایەنەكان رەت كردەوە.
ئەمڕۆ شەموو
كۆمەڵەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند، ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، هەر دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە رەت دەكەنەوە كە مەرجە یاساییەكانی تیادا نەبێت، وەك ئەوەی لە مادەی 13ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هاتووە و باسی ئەوە دەكات حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك بە سازان و بەشداریی هەموو فراكسیۆنە براوەكانی پارێزگاكە پێك دێت، هەروەها بڕیاری ئەنجوومەنەكە لە یەكەم دانیشتنی كە لەلایەن هەموو ئەندامانیەوە دەنگی لەسەر دراوە و باسی پێویستی سازانی هەموو پێكهاتەكان بەر لە دانیشتنی پێكهێنانی حكوومەتی كەركووك دەكات.
روونی كردەوە، بەو پێیەی ئەو داوایەی لە میدیاكان بڵاو كراوەتەوە لەیەك لایەن پێشكەش كراوە و ئەو مەرجانەی باس كران ناگرێتەوە، بۆیە رەتكردنەوەمان بۆ ئەو داوایە و بەشداری نەكردنمان لە دانیشتنەكە رادەگەیەنین، دووپاتی پابەندیمان بە بەیاننامەكانی پێشووی كۆمەڵەی عەرەبی و رێككەوتنی نێوان هەر شەش ئەندامی كۆمەڵەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەكەینەوە، كە دووپات لە گفتوگۆی بەكۆمەڵی هەموو فراكسیۆنەكان دەكاتەوە، هەر ئەندامێكیش پێشێلی ئەو رێككەوتنە بكات، بە هەڵگەڕاوە لە بەڵێنەكان بۆ كۆمەڵە و ئەو جەماوەرەی هەڵیان بژاردوون دادەنرێت.