بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات كە لیستی ناوی كەمئەندامان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، لیژنەیەكیش دانوستان لەگەڵ بەغدا دەكات بۆ ئەوەی مووچەی كەمئەندامانی هەرێم هاوتای مووچەی هاوتاكانیان لە عێراق بكرێت.
زەكیە سەیدساڵح، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی كەمئەندامان لەگەڵ عێراق نەدراوە و پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات، لیژنەیەك سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقی كردووە و ئێمە ئەركی خۆمان جێبەجێ كردووە و ناوەكانمان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، لیژنەكە بەدواداچوونی بۆ دەكات بۆ ئەوەی بتوانرێت بڕیاری لەسەر بدرێت.
زیاتر گوتی، ئێستە كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەوانەی بێمووچەن ئەوانیش ببنە خاوەن مووچە، كە 13 هەزار و 120 ناو ناوی نوێن بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، ئەوانیش بە هاوشێوەی ئەوانەی تر ببنە خاوەن مووچە، بۆیە لیژنەیەك دانوستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەكات بۆ ئەوەی مووچەی كەمئەندامان هاوتای عێراق بكرێت، ئەوانەشی بێمووچەن ببنە خاوەن مووچە.
شایەنی باسە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە توێژی كەمئەندامان دەدات، ئەوەش لە رێی كۆمەڵە تایبەتەكان بە جۆرەكانی كەمئەندامی و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كاركانیان رێك دەخرێت و ئاسانكاری و خزمەتگوزاریی تایبەتیان بۆ فەراهەم دەكرێت، بە دابینكردنی كورسی چەرخدار و نەخۆشخانە و چارەسەری پێشكەوتوو بۆیان، جیا لە هەوڵی هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ ئەوەی عێراق.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم