بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی: ژنان لە شۆفێریدا لە پیاوان سەلامەتترن

:: AM:11:50:11/08/2024 ‌
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، لە سلێمانی خانمان شۆفێر كەمتر سەرپێچی هاتوچۆ دەكەن، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەوان هێمنتر لێدەخووڕن، بەڵام هاتوچۆی هەولێر هیچ ئامارێكی ئەو بەراوردەی لا نییە.

بەختیار محەمەد گوتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رای گەیاند، خانمان هێمنتر شۆفێری دەكەن، ئەوەش وای كردووە كەمتر تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بن.

لە كۆمەڵگەی كوردیدا شۆفێریی خانمان قسەی زۆر لەسەر دەكرێت، بەشێك لە پیاوان پێیان وایە ئەوان زۆر خاو لێدەخووڕن،  ئەوەش زۆرجار قەرەباڵخی لەسەر شەقامەكان درووست كردووە. بەڵام بەگشتی لەناو شەقامەكاندا سەلامەترن و زۆربەی ئاماری ڕووداوەكانی هاتوچۆش هی پیاون.

ئاماری ڕووداوەكانی هاتوچۆی ساڵی 2023 لە سلێمانی دەریدەخات، بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆوە 153 كەس گیانیان لەدەست داوە، لەو ژمارەیە 130 لە ڕەگەزی نێر و  23 كەسیشش لە ڕەگەزی مێ‌ بوون.

لای خۆیەوە هێمن حەمەدەمین گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر،  بە"وشە"ی راگەیاند، هیچ ئامارێكم لە بەردەستدا نییە، تا بزانین ژنان باشترن یاپیاوان، بۆیە ئەگەر قسەیەكی زانستی بكەین دەبێت بە ئامار و داتا بیكەین، بەڵام بەگشتی بەو پێیەی ژمارەی شۆفێری خانمان كەمترە لە شۆفێری پیاوان، لەناو داتاكانی ڕووداوی هاتوچۆدا دەبێت ئەوان ڕِێژەی سەرپێچی و ڕووداوەكانیان  كەمتر بێت. 



وشە - سۆران عەزیز