هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە

:: PM:01:20:11/08/2024 ‌
بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە رای دەگەیەنێت، ئەمساڵ بەهۆی سەرپێچی رێنوێنییەكان، تا ئێستە زیاتر لە 90 كۆمپانیا لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ڕاگیراون و مۆڵەتیان پێ نەدراوە گەشتی عومرە بكەن، بۆیە داواكارین هاووڵاتییانیش گەشتیان لەگەڵ نەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی ئاب، شێخ نیاز راغب بەرێَوەبەرەی گشتی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان دەكەینەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی و زیان پێ نەگەیشتنیان بە هیچ شێوەیەك گەشتی عومرە ‌ لەگەڵ ئەو كەس و كۆمپانیانە ئەنجام نەدەن كە گرێبەستیان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان نەكردووە ، بۆ گواستنەوەی عومرەكاران لە هەرێمی كوردستان بۆ عەرەبستانی سعوودیە، بۆیە لەكاتی چوونیان بە مافی خۆیان بزانن كە داوای بینینی گرێبەستی كاركردن لەو كۆمپانیایە بكەن كە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان واژووی كردووە بە مەبەستی دڵنیابوونەوەیان.

زیاتر گوتی، ئەمساڵ بەهۆی سەرپێچی رێنوێنییەكان، تا ئێستە زیاتر لە 90 كۆمپانیا لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە ڕاگیراون و مۆڵەتیان پێ نەدراوە گەشتی عومڕە بكەن، تا كەیسەكانیان یەكلایی دەبێتەوە.

روونی كردەوە، لە داهاتوویەكی نزیك ناوی ئەو كۆمپانیانە بڵاو دەكەنەوە كە گرێبەستیان كردووە و دەتوانن بەبێ كێشە لەگەڵ ئەو كۆمپانیانە گەشت بكەن و بە پێچەوانەوە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هیچ بەرپرسیاریەتییەك هەڵناگرێت لە ئەگەری هەر كێشەیەك كە بێتە‌ ئاراوە ئەگەر هاووڵاتییان لەگەڵ كەسێك یان كۆمپانیایەك گەشتیان كردبێت كە رێگەپێدانی نەبێت لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە یانیش راگیرابێت یاخود بلۆك كرابێت یاخود كەسانێك بن كە بە نایاسایی بیانەوێت لە بواری عومڕەدا كاربكەن وەكو ( دەڵال).

"بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دووپاتی دەكاتەوە كە لیژنەكانی لە هەردوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و هەروەها لە دەروازەی عەرعەر بۆ عومڕەكارانی ڕێی وشكانی بەردەوام چاودێری پرۆسەی عومڕە دەكەن لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پارێزگاریكردن لە مافی هاووڵاتیان و رێگریكردن لە هەر سەرپێچییەك" شێخ نیاز وای گوت.


وشە - رامیار جەواد