وەزیری كۆچی عێراق سكاڵاكەی دژی حكوومەتی هەرێم كشاندەوە

:: PM:01:33:11/08/2024 ‌
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لەو سكاڵایەی تۆماری كردبوو دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، پاشگەز دەبێتەوە و سكاڵاكەی دەكشێنێتەوە. هەرچەندە ئەمڕۆ بڕیاربوو دادگای فیدراڵی تاوتوێی بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ی ئاب، كۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵایەكی ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەبوو كە ناوەرۆكەكەی لەبارەی داخستنی كەمپی ئاوارەكانی عێراق بوو، لە هەرێمی كوردستان.
 
وەزیرەكە لە سكاڵاكەیدا داوایكردبوو، دادگا هەرێمی كوردستان ناچار بە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 24007ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی كەمپی ئاوارەكان بكات. بەڵام پێش بەڕێوەچوونی دادگاییەكە، عەلی عەباس گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ رای گەیاند، "ئیڤان فایەق وەزیری كۆچبەران سكاڵاكەی لە دادگا كشاندەوە".

زیاتر گوتی، ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە لە سنووری هەرێمی كوردستان هەن، كار بۆ ئەوە دەكەین ئەوانیش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

دۆسیەی ئاوارەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام كێشەی هەیە، ئاوارەكان لەبەر ستەمی میلیشیا و بێ خزمەتی ناوچەكانیان نایانەوێت بگەڕێنەوە و وەزیری كۆچیش كە خۆی نوێنەری میلیشیای بابیلۆنە، گوشار دەكات بۆ ئەوەی كەمپەكان دابخرێن و ئاوارەكان بگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان. 

لە بەرانبەردا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بەو كولتووەرەوە گرتووە كە میواندۆستە و ناتوانێ ناچار بە دەركردنیان بكات، بەڵكو دووپاتی لە خواستی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان كردووەتەوە.

ئاوارەكان هی ناوچەكانی سوننشینی عێراقن و ئێستە شارەكانیان بە سەربازگە كراوە و میلیشیاكان حوكمی دەكەن، بۆیە جیا لە نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لەو ناوچانە، دووپاتی دەكەنەوە كە ژیانیشیان دەكەوێتە مەترسییەوە.



وشە - رامیار جەواد