ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رای دەگەیەنێت، بۆ پرسی مووچە بەدواداچوونمان كردووە و دەركەوت هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ نییە تا ببێتە هۆی نەناردنی مافی فەرمانبەران، بەڵام دیارە ئازاری خەڵكی كوردستان دەدەن.
ماوەی 25 ڕۆژە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمووزی ڕەوانەی بەغدا كردووە، بەڵام هیچ پارەیەكیان نەخستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی كوردستان بۆ مووچە و هیچ لێدوانێكیش نادەن.
بۆ بەدواداچوونی ئەو بێدەنگییە ناڕەوایەی بەغدا، ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی ئاب، "وشە" پێوەندی بە سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كرد و لە وەڵامی ئەوەی چی هەیە لەبارەی مووچەی كوردستان؟ رای گەیاند، بۆ پرسی مووچە بەدواداچوونمان كردووە، هۆكاری نەناردنی تەنیا سیاسییە و هیچ كێشەیەك نییە.
شێروانی بە"وشە"ی گوت، "بەغدا كار بۆ ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان تەنیا سەرەنجی لەسەر مووچە بێت و باسی پرسی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان و مافەكانی تری نەكات، هەر بەو گوشارانە بۆچوونی كورد لەسەر پرسە سەرەكییەكە لا دەدەن".
ئەو پەرلەمانتارە بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە دا كە جێی داخە تا كورد هەنگاوێك دەنێت بۆ چارەسەری كێشەكان، دەبینین دەیان جاش پاساو بۆ بەغدا دەهێننەوە، لە كاتێكدا مووچە هیچ قسەیەك هەڵناگرێت و هەر پاساوێك بۆ ئەو ستەمەی عێراق، جاشایەتییە.
"ئەگەر ئەو قسەیە هەبێت كە پارەی مووچە زیادی كردووە، خۆ هەرێمی كوردستان حكوومەتی هەیە و بەپێی یاسا مافی خۆیەتی فەرمانبەر دامەزرێنێت، هەروەها لە یاسای بودجە پشكی كوردستان بە 11 تریلیۆن بۆ مووچە دیاری كراوە، باشە بۆچی بەشەكەی خۆی نانێرن؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە لە بەغدا و وەزارەتی دارایی دەكەین، بەڵام هیچ وەڵامیان پێ نییە و هەر دەگەینەوە ئەو ئەنجامەی كە خەڵكی كوردستان برسی دەكەن وەك گوشاری سیاسیی"، سیپان وای گوت.
هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە"وشە"ـی راگەیاند، هیچ كێشەیەك لە لیستی مووچە نەبووە، چەند تێبینییەك هەبوو، وەزارەتی دارایی كوردستان بە خێرایی وەڵامی سەرجەم تێبینییەكانی دایەوە، تێناگەین بۆچی مووچە نانێرن، چونكە هی بەغدا دەمێكە تەواو بووە.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتیشی كردەوە كە ئەمڕۆ خۆی لە وەزارەتی دارایی عێراقی پرسیوە بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نانێرن؟ بەڵام هیچ وەڵامێكی دروستیان نەبوو.
كارتی مووچە بێڕەوشتانەترین كارتی سیاسییە كە لە مێژووی نوێدا كەس دەستی بۆ نەبردووە لە هیچ گۆشەیەكی جیهاندا، بەڵام لە شوباتی 2014ـەوە بەغدا خەڵكی كوردستان بەو كارتە دەچەوسێنێتەوە و هێشتایش هەندێك كورد هەن پاساوی بۆ دەهێننەوە.
بەرپرسێك لە وەزارەتی دارایی كوردستان لەبارەی هەمان پرسیاری "وشە" چی هەیە لەبارەی مووچەی مانگی تەمووز وا دواكەوتووە؟ دووپاتی كردەوە كە هیچ كێشەیەك نییە و تەنانەت وەزارەتی دارایی عێراق یەك تێبینیشی لەم 10 رۆژەدا نەناردووە لەبارەی لیستەكان و هەر ناشڵێن كە بۆچی پارەكە نانێرن تا فەرمانبەرنی كوردستان لە دڵەڕاوكێدا نەبن.