سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رای گەیاند، بە گوژمەی ملیارێك و دووسەد ملیۆن دینار دەست بە جێبەجێكردنی پێنج پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەنتەری شاری هەولێر دەكرێت كە قیڕتاوكردن، كۆنكرێت، شۆستە، خۆڵكاری و ئاوەڕۆ لە خۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ی ئابی 2024، بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، سەرۆکایەتییەکە بە گوژمەی یەک ملیار و دوو سەد ملیۆن دینار لەسەر داهاتی 15%، بە ڕووبەری 42 هەزار مەتر دووجا لە ئێستەدا دەست بەجێبەجێکردنی پێنج پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی دەکات لە سەنتەری شاری هەولێر کە دەیان مەتر کاری قیرتاوکردن، کۆنکریتکردن، شۆستە، خۆڵکاری و ئاوەڕۆ لەخۆ دەگرێت.
لەبارەی پێنج پڕۆژەكەوە سەرۆكایەتیی شارەوانی روونی كردووەتەوە كە شەقامێكی 20 مەتری لە رەشیكن لەسەر رووبەڕی 12 هەزار مەتر دووجا بە گوژمەی 358 ملیۆن دینار یەكێكە لە پڕۆژەكانی شارەوانییەكە و قیڕتاوكردنی شەقامی هەولێر بنەسڵاوەیش بەرانبەر مزگەوتی ئیسرا و میعراج بە رووبەری 10 مەتر دووجا بە گوژمەی 330 ملیۆن دینار یەكێكی ترە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی بۆ سەنتەری شار جێبەجێ دەكرێت.
سەرۆكایەتییەكە روونی كردووەتەوە كە نۆژەنكردنەوە و كۆنكرێتكردنی نۆ شەقام لە گەڕەكی ئیسكان بە رووبەڕی هەشت هەزار و 600 مەتر دووجا بە گوژمەی 320 ملیۆن دینار پڕۆژەی سێیەمی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەبێت كە لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
دروستكردنی شەقامی سەرەكی زیلان بە رووبەری حەوت هەزار و 500 مەتر دووجا بە گوژمەی 130 ملیۆن دینار و شەقامێكی سەرەكی لە گوندی سێبەردان بە رووبەری چوار هەزار مەتر بە گوژمەی 57 ملیۆن دینار دوو پڕۆژەی تری گرنگی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرن كە بۆ سەنتەری شارەكە جێبەجێ دەكرێن.