فوئاد حوسێن: بارەگای حەماس لە ناو عێراق ناكرێتەوە و میوانداریی سەركردەكانیشیان ناكرێت

:: AM:09:33:12/08/2024 ‌
فوئاد حوسێن رای گەیاند، عێراق هیچ ڕێككەوتنێكی بۆ لەشكركێشییەكان لەگەڵ توركیا نەكردووە، ئەوەی هەیە تەنیا یاداشتنامەیەكی لە یەكگەیشتنەكە كەلە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا كراوە.

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی عێراقیدا گوتی، بە دڵنیاییەوە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئەمەریكا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت.

وەزیری دەرەوە ئەوەشی گوتووە، سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس، تاریق ‌عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەوسای عێراق و وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕەشنووسێكی لەیەكگەیشتنیان واژوو كردووە، لەوێدا ئاماژە دراوە بەوەی لایەنی توركی بۆی هەیە بۆ ماوەی 72 سەعات لە قووڵایی پێنج كیلۆمەتر ئۆپراسیۆن لە خاكی عێراقدا بكات، بەو مەرجەی پێشوەختە لایەنی عێراق لە مەبەستی ئۆپراسیۆنەكە ئاگادار بكاتەوە، ئەوەی كراوە تەنیا بۆ یەك ساڵ بووە و درێژكردنەوەی نەبووە، بۆیە هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان عێراق و توركیادا نییە.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە درێژەی گفتوگۆكەیدا دەڵێت، بەر لە شەڕی غەزە، ململانێ و ئاڵۆزییەكانی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل هەر هەبوون، یان ئاڵۆزییەكانی حزبوڵا و ئیسرائیل لە باشووری لبنان، بۆیە چەند گۆڕەپانێكی ململانێ لە ناوچەكەدا هەن كە بەسەر گۆڕەپانی هەرێمی و جیهانی دابەش بوون، ئەمەش وایكردووە ناوچەكە بكەوێتە ژێر ئاگر.

فوئاد حوسێن دەڵێ، هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ كردنەوەی بارەگای حەماس لە ناو عێراق یان میوانداریی سەركردەكانی ئەو ڕێكخراوە نییە، چونكە عێراق قبووڵی نییە ببێتە مەیدانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ ناوچەییەكان.



وشە - سۆران عەزیز