ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەزموونی لە كوردستان ئەنجام دەدرێت

:: AM:09:36:12/08/2024 ‌
بڕیار وایە ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەزموونی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگای دهۆك بەڕێوە بچێت. كۆمسیۆنیش دەڵێت سەرجەم ئامادەكارییەكان كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی ئاب، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ پێش هەڵبژاردننی 20ـی ئۆكتۆبەر، سەرجەم كەلوپەلی پێویست بۆ بنكەكانی هەڵبژاردن بۆ هەموو پارێزگاكان ڕەوانە كراوە.

زیاتر گوتی،  پێش ئەوەی هەڵبژاردنی ئەزموونی بكرێت، ئامێرەكان دەپشكێنرێن، بۆ ئەوەی دڵنیابین هیچ گرفتێكیان نییە تا بۆ هەڵبژاردنی گشتی ئامادە بێت.

باسی لەوەش كرد، هەڵبژاردنە ئەزموونییەكە لە 41 وێستگەی پارێزگای دهۆك بۆ دەنگدانی گشتی و دوو وێستگەش بۆ دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت، ئامانجیش لێی تاقیكردنەوەی ئامێرەكانی دەنگدانە پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ بكات.

بڕیارە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، بەپێی تۆمارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرووی سێ ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەیان حزب و هاوپەیمانیی و كاندیدی تاك، كێبەركێی مسۆگەركردنی 100 كورسی پەرلەمان دەكەن، پێنجیان بۆ مەسیحی و توركمانە.


وشە - رامیار جەواد