دزەكانی سیتەك گیران

:: PM:02:02:12/08/2024 ‌
پۆلیسی سلێمانی گرتنی باندێكی دزیكردنی لە سیتەك ڕاگەیاند كە چەندان تاوانی دزیكردنیان لەو سنوورە ئەنجام دابوو.

پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەك سكاڵایان تۆمار كرد كە لە سنووری شارەدێی سیتەك دزییان لێ كراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەست پێ كرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەكەوە پێنج تۆمەتبار گیران.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو كەسانە لە شێوەی باندێك دزییان كردووە و ددانیان ناوە بە 20 تاوانی دزیكردن لە سنووری شارەدێی سیتەك و چەند شوێنێكی تر لە شاری سلێمانی.

بەپێی بڵاوكراوەكەی پۆلیسی سلێمانی، هەریەك تۆمەتباران، "م، خ"  لە  دایكبووی 1994، "م، ی، ح" لە دایكبووی 2000 "ه،ع،ع" لە دایكبووی 1999، "م، ج، ع" لە دایكبووی 1983، ش، ع، ك" لە دایكبووی 1994 ، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون، لەكاتی گرتنیشیاندا دەست گیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا كە بە تۆمەتباران بووە.



وشە - سۆران عەزیز