گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، ئەوەی لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، بەبێ ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە.
ئەمڕۆ دووشەم 12ـی ئاب، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، لەبارەی گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پێوەست بە پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك، ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و ڕەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پرۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد. لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركووك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەسەرێكی گونجاو، چونكە دۆخی كەركووك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێ چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت، لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت.
زیاتر گوتی، لە درێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندان كۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دواین كۆبوونەوەدا لە چواری ئابی 2024، لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانیدا كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، دووپات لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە چوارچێوەی سازان و كۆدەنگیی نیشتمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە، بۆچوونی جەنابی سەرۆكیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك، پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لەلایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسند بێت.
باسی لەوەش كردووە، لە درێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بەشێوەی (ثلاثی) بێت. ئەوەبوو هەر لایەك داوای دەكرد پێویستە بۆ یەكەم كەڕەت پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆكیش پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ، ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی ڕێك بكەون، كەچی هەر هەموویان ڕەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێكبكەون. لەدوای ئەوە چەندان كۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، هەرچەندە هەموو جاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی هەوڵ و ناوەندگیرییەكانی بەڕێز سوودانی دەكرا، چونكە دۆسیەكە لە دەستی ئەودا بوو و هەوڵێكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەركووك دابوو.
ئاشكرای كردووە، ئەوەشی لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكوومەتی خۆجێیی كەركووك، بەبێ ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی كراوە، یاسایی نییە و گرفتی هەیە و لەسەر ڕێیەكی دروست نییە. پێمان وایە ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركووك. چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە و ساڕێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك، بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن. چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لە پێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا بەشدار بن.