شەوی 10ی ئاب لە هۆتێل رەشید لە شاری بەغدا كۆبوونەوەیەكی "نایاسایی" ئەنجامدرا و لە كۆبوونەوەكەدا بێ گەڕانەوە بۆ سازان و ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەن بڕیار لە دانانی پارێزگار درا و لە روونكردنەوەیەكیشدا بۆ ڕای گشتی، دوو ئەندامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەڵێن: پڕۆسەكە نایاسایی بوو بێ ئاگاداری ئەم كۆبوونەوەیە نەبووین و داوا دەكەین پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە بەشێوەیەكی یاسایی بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ دووشەم 12ی ئابی 2024، هەر یەك لە حەسەن مەجید رەشید و شۆخان حەسیب حوسێن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە روونكردنەوەیەكدا بۆ ڕای گشتی بڵاویان كردووەتەوە، رۆژی 10ى ئاب لە هۆتێل رەشید لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە بە ناوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك.
"لێرەدا بە هەموو لایەکی رادەگەینین ئێمەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو کۆبوونەوە نەبووینە و ئاگادار نەکراوینەتەوە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، كە ئەمەیش پێچەوانەی مادەی حەوتە لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموارکراوەوە" لە روونكردنەوەی دوو ئەندام ئەنجوومەنەكەی پارتیدا وا هاتووە.
لە كۆتایی روونكردنەوە هاوبەشەكەی دوو ئەندام ئەنجوومەنەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركووكدا، هاتووە، بۆیە رێکارەکانی گرێدانی ئەو دانیشتنە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەین و داوا دەکەین پرۆسەی هەلبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و حکوومەتی خۆجیی بەشێوەیەکی یاسایی بەرێوە بچیت.