حزبەكەی ئەردۆغان: دیاریكردنی پارێزگاری كەركووك بەمشێوەی كرا قبووڵ ناكرێت

:: PM:09:02:12/08/2024 ‌
لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی حزبەكەی ئەردۆغان "ئاكپارتی"، كە لەبارەی چەند تەوەرێكەوە سازی دا و لە یەكێك لە قسەكانیدا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی كەركووك بە نایاسایی رای گەیاند: ئەوەی لە كەركووك كرا قبووڵ ناكرێت. 

ئەمڕۆ 12ی ئابی 2024، عومەر چەلیك گوتەبێژی حزبی فەرمانڕەوای توركیا "ئاكپارتی - داد و گەشەپێدان" لە بەشێك لە قسەكانیدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند: ئەوەی یەكێتی لە كەركووك كردی قبووڵ ناكرێت. 

ئەم قسەی گوتەبێژەكەی ئاكپارتی دوای ئەوە دێت كە هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی بڵاوی كردەوە، رێکارەکانی گرێدانی دانیشتنی هۆتێل رەشید لە بەغدا و دەستنیشانكردنی پارێزگار لەم شەوەدا، بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەین و داوا دەکەین پرۆسەی هەلبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و حکوومەتی خۆجێیی بەشێوەیەکی یاسایی بەرێوەبچیت .

جێگەی ئاماژەیە، شەوی 10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەك لە بەغدا بە رێككەوتنێكی نهێنیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دانیشتنێكی ئەنجوومەنەكە ساز كرا، واتە بێ بەشداریكردنی تەواوی فراكسیۆنە عەرەبییەكان و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوور لە سازانی نیشتمانی؛ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كران.


وشە - پۆڵا مەحموود