بەرەی توركمانی: سبەی خۆپێشاندانێكی فراوان لە كەركووك ئەنجام دەدەین

:: PM:10:15:12/08/2024 ‌
بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی دا كە سبەی لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك خۆپێشاندانێك ساز دەكەن، ئەمەیش بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هۆتێل رەشید لە بەغدا لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری شارەكە. 

ئەمڕۆ دووشەم 12ی ئابی 2024، لە بەیاننامەیەكی بەرەی توركمانیدا هاتووە، سبەی سێشەم لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای كەركووك خۆپێشاندانێكی فراوانی جەماوەریی رێكدەخەین بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكەی بەغدا لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری شارەكە. 

لە بەیاننامەكەدا زیاتر هاتووە، لە دوای رەتكردنەوەی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی و هەڵبژاردنی پارێزگاری شاری كەركووك رووبەڕووی هێرشێكی توندی میدیایی بووینەتەوە و ئاماژەش دراوە كە كێشەی ئەوان پەیوەست نییە بە پۆست و ئامانجی كەسی، بەڵكو بەرگرییە لە مافە نەتەوەییەكانیان و خۆیان بە بەرگریكار لە پێكهاتەی توركمان زانیوە. 

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، زمانی ناشیرن بەكارناهێنین و پەناشی بۆ نابەین، هەوڵەكانمان درێژە پێدەدەین بۆ جێبەجێكردنی یاسا و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان. 

جێگەی ئاماژەیە، شەوی 10ی ئاب لە كۆبوونەوەیەك لە بەغدا بە رێككەوتنێكی نهێنیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دانیشتنێكی ئەنجوومەنەكە ساز كرا، واتە بێ بەشداریكردنی تەواوی فراكسیۆنە عەرەبییەكان و بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوور لە سازانی نیشتمانی؛ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كران.


وشە - پۆڵا مەحموود