باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەكرێتەوە

:: AM:10:15:05/07/2017 ‌

بڕیارە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە یەكەمین ڕۆژی جەژنی قوربان بكرێتەوە، هەر هاووڵاتییەك ئارەزوو بكات دەتوانێت سەردانی بكات، گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش ئاشكرای دەكات، كردنەوەی ئەم باخچەیە دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزار.

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی تەمووز، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دەستەی بەڕێوەبردنی باخچەی ئاژەڵان لە شاری هەولێر (Erbil Zoo) كە یەكێكە لە گەورەترین باخچەی ئاژەڵانی وڵاتانی دەوروبەر و ئەندامە لە یەكێتی باخچەی ئاژەڵانی دنیا.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، بەكردنەوەی ئەم باخچە 200 دۆنمییە، كەرتی گەشتوگوزار بەرەوپێشچوونێكی تر بەخۆیەوە دەبینێت و زۆر گرنگە باخچەیەكی وا پێشكەوتوومان هەبێت بۆ گەشتیاران.

ڕۆستی زیاتر گوتی، ئەم باخچەیە چەندان شێوەی سەردانكردنی تێدایە بۆ گەشتیاران وەك سەردانی بە ئۆتۆمبێل و سووڕِانەوە بە دەوری شوێنی مانەوەی ئاژەڵەكان و چوونە قەفەس و شوێنی ئازادی ئاژەڵەكان، ئەمەش بۆ كەرتی گەشتوگوزار زۆر پێویستە.

لە ئاگەدارییەكی باخچەی ئاژەڵانی هەولێردا هاتووە، رای دەگەیەنین كە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان دەرگەی باخچەی ئاژەڵان بەڕووی میوانان دەكرێتەوە.

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەكەوێتە سەر ڕێگەی هەولێر كۆیە لە دەروازەی شاری هەولێرە و كەوتووەتە ناو هاوینەهەواری دڵۆپە.



وشە - رامیار جەواد