لەسەر لێدانی مامۆستاكەی هەولێر داواكاری گشتی هاتە دەنگ

:: PM:03:52:27/03/2018 ‌

داواكاری گشتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پشتبەستن بەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە و ئاشكرای دەكات، لێدان لەو مامۆستا بەتەمەن تاوانە و سبەی داواكارییەك پێشكەشی دەزگە تەناهییەكان هەولێر دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 27ـی ئادار/ مارس، بۆتان بەكر شوانی سكرتێری دەستەی مافی گشتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، داواكاری گشتی لقی هەولێری سەر بە دەستەی مافی گشتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە ئامادەبوونی پێنج دادوەر، بەكۆی دەنگ بڕیاریان داوە ئەو كەیسە بجووڵێنن.

سكرتێری داواكاری گشتی هەرێم دەڵێت، لەلایەن چەند كەسێك هێرش كرایە سەر خۆپیشاندەران و مامۆستایاكی بەتەمەن بەرشەق درا، لەسەر ئەو بابەتە ئێستە داواكاری گشتی هەولێر سكاڵای یاسای دژی هێرشكردنە سەر مامۆستاكەی هەولێر دەجووڵێنێت.

شوانی زیاتر گوتی، ئەمڕۆ دەوام تەواوبوو و سبەی ئەو داواكارییە بۆ دەزگە تەناهییەكانی هەولێر بەرز دەكرێتەوە كە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیە بكات كە هێرش كراوەتە سەر مامۆستایەكی بەتەمەن و دكتۆرێك لە چوارچێوەی مافی گشتی.

ڕۆژی 25ـی ئادار لە خۆپیشاندانەكانی هەولێر لەلایەن كەسێكەوە هێرش كرایە سەر مامۆستایەك و بەشەق لێی درا، ئەمەش وایكرد داواكاری گشتی بێتە وەڵام و بەتاوانی ناو ببات.






وشە - رامیار جەواد