ژیانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی

:: PM:11:29:17/12/2017 ‌
شێخ رەزای تاڵەبانی شاعیرێكی گەورە و دیاری كوردستانە ‌و خاوەنی دەنگێكی جیاوازی شیعرییە ‌و زۆربەی شیعرەكانی شیعری هەجوو  توانج ‌و پەلارن، لەو بوارەدا لە ناو ئەدەبی كوردیدا كەسێكی بێ‌ ركابەر ‌و خاوەنی قوتابخانەیەكی تایبەت بەخۆیەتی‌ و نەتوانراوە درێژەی پێ‌ بدرێ ‌‌و شوێنی پڕ نەكراوەتەوە.

شێخ رەزای‌ تاڵەبانی ناوی ڕەزای کوڕی‌ شێخ عەبدولڕەحمانی‌ تاڵەبانی کوڕی‌ مەلا ئەحمەدی‌ کوڕی‌ مەلا مەحموودی‌ زەنگەنـەیە کوڕی یووسف ئاغای زەنگەنەیە، سـاڵی‌ ١٨٣٧ لەگوندی‌ قرخی‌ نزیک چەمچەماڵ لەدایک بووە، باوکی زانا و شاعیر و عارف بووە، سەرەتا لەسەر دەستی باوكی خوێندویەتی ‌و دواتر بۆ خوێندن ‌و وەرگرتنی زانست چووەتە كەركووك‌ و كۆیە ‌و سلێمانی ‌و لە تەمەنی 25 ساڵیدا خوێندنی تەواو كردووە‌ و بووە بە ئیمامی مزگەوت. شێخ رەزا بێ‌ لە زمانی كوردی هەرسێ‌ زمانی فارسی‌ و توركی ‌و عەرەبی بەرەوانی زانیوە.

شێخ خۆی‌ بە خوێندنی‌ ئەدەبیاتی‌ عەرەبی و فارسی و تورکی خەریک کردووە، ساڵی‌ ١٨٦٠ چووە بۆ ئەستەمبوڵ و ماوەی‌ دوو ساڵ لەوێ‌ ئەبێ‌ و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، دوای‌ مردنی‌ باوکی‌ ئەچێ‌ بۆ کۆیە و لای‌ شێخ غەفوری‌ مامی‌ زیاتر لە شەش مانگ دەمێنێتەوە و بەتەمای‌ کچەکەی‌ ئەبێت بەڵام مامی‌ رازی‌ نابێ‌ و ئەویش دەڕواتە کەرکوک، لە ساڵی‌ ١٨٦٦دا بۆ جاری‌ دووەم دەچێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، لە رێگەی‌ میسرەوە دەچێتە‌ حەج، ساڵی‌ ١٨٨٤ ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و زۆر جار ھاتوچۆی‌ وەسمان پاشا و مەحموود پاشای‌ جاف و پیاوە گەورەکانی‌ ئەو ناوەی‌ کردووە، خێزانی‌ وەسمان پاشا، عادیلە خانم ھەمیشە دیاری‌ بۆ داناوە و یارمەتی‌ بۆ ناردووە.

ساڵی‌ ١٨٩٨ دەچێ‌ بۆ بەغدا و لە تەکیەی‌ تاڵەبانی‌ دانیشتووە، پێوەندی‌ بەتینی‌ لەگەڵ بنەماڵەی‌ سەلیم بەگی‌ بابان و سەید عەبدولرەحمانی‌ نەقیب دا ھەبووە. زۆربەی‌ شیعرەکانی‌ لە بابەتی‌ ھەجووکردن بووە. دووجار سەفەری ئەستەنبوڵی كردووە‌ و لەوێ‌ ماوەتەوە ‌و بەوەیش بە زمان ‌و ئەدەبی توركی ئاشنابووە ‌و توانیویەتی بە زمانی توركی شیعر بهۆنێتەوە. هەروەها بە زمانەكانی فارسی‌ و عەرەبیش شیعری نووسیوە. ئەم شاعیرە گەورەی كورد جێگەی سەرنجی رووناكبیران‌ و توێژەران بووە‌ و چەندان كۆڵینەوە لەسەر شیعرەكانی كراون‌ و وەك خاوەنی قوتابخانەیەكی تایبەتی شیعری لە ئەدەبی كوردیدا سەیری كراوە.

شیعرەكانی شێخ رەزا لە دووتوێی دیوانێكدا بەناوی دیوانی (شێخ رەزای تاڵەبانی) كۆ كراونەتەوە‌ و چەند جارێك چاپ ‌و بڵاو كراوەتەوە. ئەم شاعیرە پایەبەرزەی كورد شێخ رەزای‌ تاڵەبانی‌ لە ١٣ی كانونی دووەمی ١٩١٠ لە شاری بەغدا كۆچی دوایی كرد ‌و لە گۆڕستانی گەیلانی‌ و لە نزیك شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە خاك سپێردراوە. دروود بۆ گیانی پاكی شێخ رەزای شاعیر.

بەشێک لە چوارینەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی:

شۆخێ بەئینابەت چووە لای زوهدفرۆش
بۆ ئەخزی تەریقەت بە دڵی پڕ لە خرۆش
خۆش هاتە جەواب و وتی حەقتە وەلێ من 
ساڵێکە فرۆشتوومە ئیمانم بە قرۆش

جەنگ گاهی جوکل و مەحموود بەگ شیروانە بوو
ئافەرین مەحموود بەگ لەم جەنگەدا شێر وا نەبوو
وەختێ قاسید هات و لێم پرسی، چلۆن بوو ئەم شەڕە؟ 
وردە وردە بۆی بەیان کردم کەچی شیڕ وا نە بوو



جەوهەری مەحزە لە هەردوولاوە وەک تیغی دەبان
داك کچی پاشای ڕەواندز، باب کوڕی پاشای بەبان
شێخ ڕەزاش هەجوی بکا باز ئیعتیباری بۆ نییە
چاک خراپ نابێ بەشیعری شاعیرێکی قەڵتەبان


حەمەی وەستا فەتاح سەد بارەکەڵڵا لەم سەر و ڕیشە
کە گوێدرێژێ بەتەنها چۆن ئەبا ئەم بارە قامیشە 
لە سەد باتمان خوری زیاتر نەبێ کەمتر نییە وەزنی
سەرت چۆنی هەڵئەگرێ من سەرم سوڕماوە لەم ئیشە

شێخ ڕەزا پیر بووە ڕووی مەجلیسی یارانی نییە
تاقەتی کەشمەکەش و گەردشی شارانی نییە
دەس بەگۆچان دەگەڕێ، ئێستە لەبەر زەعفی وجوود
مەترەقە سەر زلەکەی قووەتی جارانی نییە

شیعری دڵداری شێخ ڕەزای تاڵەبانی:

ڕۆژێ نەبوو ئەم دولبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا
جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا
حەیرانن ئەگیبا لە عیلاجی مەرەزی من
لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا
کارێ، کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد
سەرما بەهەتیو با بەدەواری شڕی ناکا

سەرچاوە/ دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی، شێخ محەمەدی خاڵ و ئومێد ئاشنا، دەزگای ئاراس، یەکەم چاپی ساڵی ٢٠٠٣.



وشە - ژیڤان خۆرانی