سكرتێری حزبێكی رۆژهه‌ڵات: گرووپێكی ناو یەكێتی دەرگایان بۆ تیرۆركردنی دژەكانی ئێران كردووەتەوە

:: PM:05:37:14/04/2020 ‌
سەلام زیجی، سكرتێری شورای ڕێبەری حزبی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕیی ئێران، لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئێران لە سلێمانی پیلانەكانی دادەنێی و جێبەجێی دەكات دەبێت خەڵكی كوردستان بە توندی دژ بەم جۆرە كارانە بوەستنەوە. هەروەها دەڵێ، دەبوو یەكێتی زوو ددان بەو كارە هەڵەی گرووپێكی ناو حزبەكەیدا بنێت.

زانیاریتان لەبارەی گرتن و ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی چییە؟
كاتێك هەواڵی ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمییمان لەلایەن هێزەكانی ئاسایش لە سنووری پێنجوێن پێ گەیشت كە به‌ بڕیاری چەند كەسێكی ناو یەكێتی ئەو كارە كراوە، نیگەرانی كردین، نەك لەبەر ئەوەی ئەم رووداوە لەو سنوورە یەكەمجار بێ‌، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەو كارە بەرانبەر كوردێكی ڕۆژهەڵات كراوە، بە هاوكاریی یەكێتی، كۆماری ئیسلامی توانیوویەتی خەڵكێكی زۆری دژ بەخۆی تیرۆر بكات.
لە ئێران ناڕەزایی زۆر هەیە لە نۆ شاری ئێران زیندانییەكان دەستیان داوەتە شۆڕش، لە زیندانی سەقز مستەفا سەلیمی و 70 لە هاوەڵانی لە زیندان ڕزگاریان بوو، بەڵام بە داخەوە باشووری كوردستان دەرگای مەرگی بۆ سەلیمی كردەوە، هەموو ئەو زانیاریانەیشی لەبارەیەوە بڵاو دەكرێنەوە كە نەهاتووەتە باشوور راست نییە و بۆ بە لاڕێدابردنی ئەو تاوانە ئەو زانیارییانە بڵاو دەكرێنەوە.

ئازاری سەلیمی و لە سێدارەدانەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپەی ناو یەكێتی كە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كرد
بۆچی له‌ناو هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌، دۆسیەی سەلیمی دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو؟
ڕاستە كۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆی دەستی هەمیشە خوێناویە لە كوشت و كوشتار و لە سێدارەدان، بەڵام ئازاری سەلیمی و لە سێدارەدانەكانی دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی رادەستیان كردەوە، ئەگەر مستەفا سەلیمی ڕادەستی ئێران نەكرایە، ئەوا ژیانی نوێی دەست پێ دەكردەوە، ئەوەی دەستگیری كرد و ڕادەستی ئێرانی كردەوە، لای ئێمە بكوژی سەرەكین.
دەبێت خەڵكی كوردستان بە توندی دژ بەم جۆرە كارانە بوەستنەوە، ئەگەر نەوەستیینەوە دژی دەكرێت زۆر بە ئاسانی هەمو چالاكوان و ڕۆژنامەنووس و سیاسییەكی ناڕازی دژ بە حكوومەت بیانگرن و ڕادەستی  بكەنەوە، ئیتر نابێ‌ خیانەتی لەوجۆرە قبوڵ بكرێت.

بە بڕوای ئێوە دەستكەوتی ئەوانە چی بوو كە سەلیمییان بە ئێران فرۆشت؟
دەبێت ئەو گرووپەی ناو یەكێتی وەڵامی ئەوە بدەنەوە چ دەستكەوتێكیان لە كارێكی وا قیزەون لە ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی بە كۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە، ڕووداوەكانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و ڕووداوی ڕادەستكردنی كەركووك لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، وە هێرشكردنە سەر حزبە ڕۆژ هەڵاتییەكانمان بینیوە لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هیچ دەوڵەتێك بەبێ هاوكاری حزبێك یان لایەنێك ناتوانێت بچێتە ناو وڵاتێكی ترەوە خەڵكانێك تیرۆر بكات، بەداخەوە یەكێتی یان هەرهێزێكی تر ئەو جۆرە كارانە دەكات بەرژەوەندی حزبی پێش كوردبوون دەخەن. وای لێ هاتووە ئێران لە سلێمانی پیلانەكان دادەنێی و جێبەجێی دەكات، هێزەكانی باشوور دەكرێت پێوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام ناكرێت لە ژێرسێبەری پێوەندیی دیپلۆماسی كاری خیانەت و كوشتن و ڕادەستكردنەوەی سیاسەتمەدارانی لێ بكەوێتەوە هاوشێوەی مستەفا سەلیمی.

بەڵگەتان چییە مستەفا سەلیمی هاتووەتە پێنجوێن؟
ئێمە وەك حزبی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی ئێران، لەگەڵ كەسانی خۆمان لە شاری سەقز، كەسانێك ئاگاداری ڕووداوەكەن و كەسوكاری مستەفا سالیمی زانیاری وردمان دەست كەوتووە كه‌ هاتووەتە باشووری كوردستان له‌ قەزای پێنجوێن قسەی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كردووه‌ كه‌ خۆیبەڵگەیەكی گەورەیە. چەندان تۆماری دەنگییش هەیە دەی سەلمێنێت سەلیمی له‌لایەن ئاسایشی پێنجوێن گیراوە و ڕادەستی ئێران كراوەتەوە. یەكێتی دەیتوانی بڵێت بەڵێ ڕووداوێكی وا ڕووی داوە و هەڵە بووە، ئێمە ئاگامان لێ نەبووە وەك سەركردایەتی، ته‌نیا گرووپێك كردوویانە و هەڵەیان كردووە.

پێوەندی باڵێكی یەكێتی و ئێران چۆن دەبینن؟
پێوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاسایی نییە هیچ حزبێكی دژبەری ئێران لە سنووری دەسەڵاتی ئەوان بۆیان نییە هیچ چالاكییەك دژی ئێران بكەن، ئەوان قاسمی سلێمانیشیان بە پیرۆز دەزانی.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ


وشە - سه‌رخێڵ هاشم