بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، بۆ كۆنترۆڵی نرخەكان لە بازاڕ و هاوكاریی هاووڵاتییان، لەم مانگەدا سێ هایبەرماركێت دەكرێنەوە و نرخی خۆراك هەرزانتر دەبێت، لەو شوێنانە بەنرخی پاڵپشتیكراو خۆراك بە هاووڵاتییان دەدرێت.
ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، بۆ كاراكردنەوەی ناوەندەكانی بازاڕكردن بە سیستمی هایپەرماركێت بۆ كۆنترۆڵی نرخی خۆراك، بە ئامانجی پاڵپشتی هەژارەكان و ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە، سوودی لێ وەربگرن.
زیاتر گوتی، هایپەرماركێتەكان هەموو پێداویستیی خۆراكی هاووڵاتییان دابین دەكەن و كاڵا و شمەكەكانیش لەڕێی قەرز لە بانكەكانەوە، لە 10 ملیۆنەوە تا 25 ملیۆن دینار دەبێت، بە قیست بە هاووڵاتییان دەدرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی باسی لەوەش كرد، بڕیارە لە مانگەكانی تریش 15 هایبەرماركێتی تر بەپشتبەستن بە كەرتی تایبەت لە ژێر چاودێری حكوومەتدا، لە شارەكان و پارێزگاكانی تری عێراق بكرێتەوە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی، لە رێی كردنەوەی ئەو هایبەرماركێتانەوە، نرخی خۆراك و پێداویستییەكانی رۆژانەی هاووڵاتییان لە بازاڕ و شوێنەكانی تر هەرزانتر دەبێت.