گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگرانی كوردستان ئاماژە دەكات كە نرخی زێڕ ساڵانە لەگرانبووندایە و ئەوانەی هاوسەرگیری بەپارە دەكەن تا زێڕ هەرزان دەبێت، با چاوەڕێ نەكەن، چونكە نرخەكەی بە گرانی دەمێنێتەوە و هەرزان نابێت، هەر ئەوەش وای كردووە ئێستە خەڵك لە 15 بۆ 20 مسقال زیاتر زێڕ بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری نەكەن .
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگرانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەركاتێك نرخی زێڕ بەرز بێتەوە، ئەگەر هیچ هەواڵێكی سیاسی یان رووداوێك نەبێت، جارێكی تر نرخەكەی دادەبەزێت، واتە هەركاتێك نرخی بەرز بووەوە جارێكی تر دادەبەزێت، بەڵام زۆر دانابەزێت ئەگەر 20 هەزار دینارێك بێت، تا كۆتایی ساڵ نرخی زێڕ بەو جۆرە دەمێنێتەوە و لەو ئاستەی ئێستە هەیە و تۆزێك بەرزتر و دواتر نزم دەبێتەوە.
زیاتر گوتی، ئێستە خواست لەسەر كڕینی زێڕ زۆر كەمبووەتەوە، پێشتر خەڵك هەبوو 50 مسقال زێڕی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دەكڕی، كەچی ئێستە بەزۆری 15 بۆ 20 مسقال دەكڕن، لەوكاتەی پێشتر لە 40 بۆ 50 مسقال كەمتر نەبوو، بەڵام نرخی زێڕ زۆر گران بووە و خەڵك كەمتر دەیكڕێت .
وەرتی باسی لەوەش كرد، ئەوانەی هاوسەرگیری بەپارە دەكەن و چاوەڕێ دەكەن تا نرخی زێڕ دابەزێت ئەوكات بیكڕن، با چاوەڕێ نەكەن و ساڵانە نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە، چونكە تێچووی دەرهێنانی لەلایەن كارگەكانی دنیا زۆر زیاترە لەوەی هەیە، بۆ نموونە كیلۆیەك زێڕ لە بازاڕ بە (70.000) هەزار دۆلارە، واتە حەوت دەفتەر دۆلار، بۆیە نرخی زێڕ لە دنیا گرانە نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، نرخەكەش بەو شێوەیە دەمێنێتەوە و تۆزێك بەرز دەبێتەوە و دادەبەزێت .
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم