هۆكاری هەڵكشانی بەردەوامی نرخی زێڕ چییە؟

:: PM:10:59:10/08/2024 ‌

لەماوەی دواییدا نرخی زێڕ ژمارەیەكی تری پێوانەیی لە هەڵكشان تۆمار كرد، راپۆرتێك پێشبینیی هەڵكشانی زیاتر و بەردەوامی نرخی زێڕ دەكات، كە لە چوارەم چواریەكی ئەمساڵ نرخەكەی دەگاتە ئەوپەڕی بەرزی، لەوكاتەی شارەزایان باسی سێ هۆكار بۆ ئەو هەڵكشانە بەردەوامەی نرخی زێڕ دەكەن.

راپۆرتێكی ماڵپەڕی "كیتكۆ" بۆ كانزا بەنرخەكان لە ئیوا مانسی، شارەزای ستراتیجی لە بانكی "ئای ئێن جی"ی هۆڵەندی دەگوازێتەوە، نرخی زێڕ لە هەڵكشان بەردەوام دەبێت و لە چوارەم چواریەكی ئەمساڵدا دەگاتە ترووپكی نرخەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی رابردوو لەبەر چەند هۆكارێك دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

ئەو شارەزایە لەبارەی هۆكارەكانی وای كردووە نرخی زێڕ لە هەڵكشان بەردەوامبێت، باسی سێ هۆكار دەكات، لەوانە پەنابردنی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا بۆ كەمكردنەوەی نرخی سوود بۆ یارمەتیدانی ئابووریی ئەو وڵاتە بۆ گەشەكردن و خۆپاراستن لە كەوتنە ناو زەڵكاوی داتەپین، دووەم هۆكار ئەو ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵداوە، جیا لە شەڕی ئۆكراینا، سێیەم هۆكاریش كڕینی زێڕە لەلایەن بانكە ناوەندییەكانەوە.

ئەو شارەزایە پێی وایە هێشتا وەبەرهێنەران لەو بوارە چاویان لە كەمكردنەوەی بانكی یەدەگی فیدراڵییە، واتە بانكی ناوەندیی ئەمەریكا، لەوكاتەی كڕینی زێڕ لەلایەن بانكە ناوەندییەكانی دنیا بەهۆی مەترسییە جیۆسیاسییەكانەوە بەردەوامە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل