رێی گەشەپێدانی عێراق بە زاخۆدا تێدەپەرێت

:: AM:10:18:11/08/2024 ‌
بەپێی نەخشەیەكی نوێی پرۆژەی "ڕێی گەشەپێدان" كە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، دەردەكەوێت ڕێڕەوەكەی گۆڕِانی بەسەردا هاتووە و كوردستان خراوەتە ناو نەخشەكەیەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم چەندان ناڕەزایی دەربڕی.

ڕێی گەشەپێدان، پرۆژەیەكی ستراتیجی ئابووری و سیاسی و جیۆگرافی وڵاتانی توركیا و عێراقە كە راستەوخۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، ئەم ڕێیە بۆ كورد گرنگی زۆری هەیە، بەڵام لە نەخشە بنەڕەتپییەكەیدا كوردستان فەرامۆش كرابوو بۆ ئەوەی زیانی ئابووری پێ بگەیەنن، بەڵام دواجار بە گوشاری حكوومەتی هەرێم، نەخشەكە گۆڕا.

بەپێی نەخشەكە، پڕۆژەكە لەوپەڕی باشووری عێراقەوە هەڵدەكشێت بۆ باكور، بەڵام كەركووكی فەرامۆش كردووە و بە مووسڵدا تێدەپەڕێت و دەچێتە زاخۆ. ئەمەیش دەریدەخات كە نیازی پشت نەخشەكە سیاسییە و كەركووك لەبەر كوردستانیبوونی پشتگوێ خراوە.

هەروەها بەهۆی ئەوەی كەركووك نەخراوەتە سەر پڕۆژەی رێی گەشەپێدان، هەولێری پایتەختیشی لێ بێبەش كراوە، ئەوەیش مەترسی زیانی ئابووری هەیە، چونكە هەولێر  ناوەندێكی ستراتیجی بازرگانی و ئابووری كوردستانە. هەرچەندە هەردوو وڵات سەرەتا وایان دانابوو پرۆژەكە هەر كوردستان بەتەواوی بخاتە دەرەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانەوە.

پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان بە دەرەوەی شار و كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبووندا تێدەپەڕێت و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، ئێستە 90%ـی بەربەستەكانی بەردەم دەست پێكردنی لابراون. 

پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، پێشتر بریاربوو لە دەرەوەی خاكی كوردستانەوە بروات و بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان دژی ئەو جیاكارییە هاتە دەنگ و رای گەیاند، دەبێت ئەو پرۆژەیە كوردستانی لێ بێ بەش نەكرێت، پاش ئەوە لیژنەیەك بۆ دەسكاری نەخشەكە پێكهێنرا و ئێستە نەخشە نوێیەكە دەریدەخات كە ڕێڕەوەكە لە بەندەری فاو دەست پێ دەكات و لەمبەری بەنداوی مووسڵەوە تا پیشخابوور، بەناو خاكی كوردستاندا دەڕوات، 

درێژیی ئەو رێگەیە هەزار و 200 كیلۆمەترە و تێچووەكەی 17 ملیار دۆلارە، بڕیارە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە ساڵی 2028 تەواو بكرێت.

یونس كەعبی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق، بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی ڕاگەیاندووە، 10 پارێزگا نەخشەی بنەڕەتی پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدانیان پەسند كردووە، ئێستە زەوییەكانی ئەو پڕۆژەیە دەكرێن بە موڵكی دەوڵەت و ئەوانەیشی زیانمەند دەبن، قەرەبوو دەكرێنەوە.


وشە - سۆران عەزیز