لە دهۆك زیاتر لە 21 هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە

:: PM:08:36:11/08/2024 ‌

كەرتی كشتوكاڵی یەكێكە لە كەرتە گرنگەكان لە هەرێمی كوردستان، كە خاوەن زەوی بەپیت و ئاوێكی زۆر و كەشوهەوایەكی لەبارە، جیا لە گەنم و جۆ، برنج بەرهەمێكی تری كشتوكاڵییە لە هەرێم، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دهۆك ئاماژە دەكات ئەمساڵ بەرهەمێكی زۆری برنج لە سنووری پارێزگاكە چێنراوە، كە دەگاتە زیاتر لە 21 هەزار دۆنم زەوی و پێشبینی دەكرێت بەرهەمەكەی بگاتە 21 هەزار تۆن.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك بڕٍێكی زۆر لە هەموو جۆرەكانی برنج چێنراوە، 21 هەزار و 350 دۆنم زەوی بەو بەرهەمە چێنراوە، روونی كردەوە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە 21 هەزار تۆن و چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵ زۆر باش بێت .

ئاماژەی كرد، برنجی دهۆك خواستی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوە لەسەر هەیە و ساڵانە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكە بۆ ناوخۆ و دەرەوەش دەچێت، چونكە ناوبانگێكی زۆری هەیە، بۆیە نرخی باش دەكات و لە بازاڕیش ساخ دەبێتەوە، دووپاتی كردەوە، ئێمە گرنگی زۆر بە چاندنی برنج دەدەین و گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمیش بە كەرتی كشتوكاڵ وای كردووە خەڵكێكی زۆر روو لە چاندنی برنج بكەن.

شایەنی باسە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ بەگشتی یەكێك لە هەنگاوە گەورەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، كە جیا لە هاندانی جووتیاران بۆ گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و ئاسانكاری بۆیان لە رێگەی دابینكردنی بنەتۆ و ئامێر و پەین، هەوڵی داوە بازاڕیش بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بدۆزێتەوە، بۆیە لە ماوەی چەند ساڵی تەمەنی كابینەكە چەند جۆرێك بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم گەیشتنە بازاڕەكانی ناوچەكە و دنیا.

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل