ده‌ستپێكردنی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له چیای گۆیژه‌ی سلێمانی و هه‌ڵكۆڵینی ئه‌و چیایه‌ی ده‌ڕوانێته سلێمانی و به‌شێكه له ناسنامه و جیۆگرافیای شاره‌كه، له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی نزیك له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، زۆرترین ناڕه‌زایه‌تیی به‌دوای خۆیدا هێناوه و نووسه‌ران و رۆشنبیران به توندی ره‌خنه له‌و پڕۆژه‌یه ده‌گرن و پێیان وایه ئه‌مه‌ی روو ده‌دات، زۆر مه‌ترسیداره و پێویسته پێشی پێ بگیرێت، ئه‌گه‌رنا زیانه‌كانی هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه.
رۆشنبیران به‌شێوه‌ی جیاواز روانگه‌ی خۆیان ده‌ربڕیوه و هه‌وڵیان داوه به نووسین و گازنده‌ش بێ، به‌ڵكو بتوانن پێش به‌و پڕۆژه‌یه بگرن و خه‌مخۆرێك هان بده‌ن پڕۆژه‌كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
ناكرێ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك چه‌ند سه‌د مه‌ترێك شه‌قام دروست بكات و له به‌رانبه‌ردا شاخێكی پێ بدرێ.
عه‌تا محه‌مه‌د خاوه‌نی چاپخانه‌ی كارۆ پێی وایه پاساوهێنانه‌وه‌ی شاره‌وانی بۆ تێكدانی سروشتی گۆیژه، زۆر لاوازه و ناكرێ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك چه‌ند سه‌د مه‌ترێك شه‌قام دروست بكات و له به‌رانبه‌ردا شاخێكی پێ بدرێ.
ئه‌و پێشبینی كردووه ئه‌گه‌ر كۆمپانیاكان شه‌قامی تریان دروست كرد، شاخه‌كانی پیره‌مه‌گروون و قه‌ره‌داخیان پێ بدرێت و پرسیاری ئه‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر بڕیاره شه‌قامه‌كان كۆمپانیا دروستی بكه‌ن، ئیتر چ كارێك بۆ شاره‌وانی ده‌مێنێته‌وه؟
هاوكات عه‌بدوڵا ره‌شاوی رۆشنبیر له په‌یامێكدا له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك، داوا ده‌كات شوقه‌كان رابگیرێن . ئه‌و پێی وایه به‌ڕاستی بابه‌تی هه‌ڵكه‌ندن و تێكدانی سروشتی شاخی گۆیژه نابێ هه‌ر ئاوا به‌خۆكه‌ڕكردن له ره‌خنه و ناره‌زایه‌تییه‌كان تێپه‌ڕێت، ناكرێ لێره ناڕه‌زایه‌تی هه‌بێت و له‌وێش شۆفڵ خه‌ریكی هه‌ڵدڕین و ته‌ختكردنی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه جوانه‌ی سلێمانی و كوردستان بێت.
ئه‌و له به‌شێكی تری ره‌خنه‌كانیدا نووسیویه‌تی، ''تا لا ده‌كه‌ینه‌وه شتێك نه‌ماوه به‌ناوی گۆیژه و هه‌مووی كراوه‌ته موڵكی شه‌خسی و تایبه‌ت، ئه‌م ئیشه ئاوا نابێ، ئێوه هه‌تكی سروشتی سلێمانی و كوردستان ده‌كه‌ن و خۆشتان كردووه‌ته كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت، به‌رپرسانی كۆمپانیای جێبه‌جێكار و شاره‌وانیی سلێمانی، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ كاركردن ڕاگرن و ئیستێك بكه‌ن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان .''
شوێنێك نامێنێ به‌ناوی سلێمانی، ئه‌مه جگه له مه‌ترسی و كاریگه‌ریی ئه‌م ئیشه له‌سه‌ر ژینگه و ئاوهه‌وای شاره‌كه
به‌گوته‌ی ره‌شاوی سلێمانی یانی شاخ، كه شاخ نه‌ما هه‌روه‌ك سه‌یرانگه‌كان، ئیتر شوێنێك نامێنێ به‌ناوی سلێمانی، ئه‌مه جگه له مه‌ترسی و كاریگه‌ریی ئه‌م ئیشه له‌سه‌ر ژینگه و ئاوهه‌وای شاره‌كه، به‌ڕاستی ئه‌م كاره پێویستی به ڕوونكردنه‌وه‌ی زۆر هه‌یه، ئه‌گه‌رنا ده‌چێته خانه‌ی تاوانی گه‌وره و له كۆتایی ره‌خنه‌كانیشدا داوای راگرتنی پڕۆژه‌كه ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه حوسێن له‌تیف رۆشنبیر به كورتی گازنده‌ی خۆی له‌م زێده‌ڕۆییه راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌نووسێت، شێواندنی شاخی گوێژه هه‌ر شێواندنی سروشت نییه، به‌ڵكو شێواندنی یاده‌وه‌ریی دانیشتووانی سلێمانیشه. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م شێواندنه به جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌رگریكردنه له یاده‌وه‌ری دانیشتووانی سلێمانیی.
هاوكات ئاراز عه‌بدولكه‌ریمی نووسه‌ر له وتارێكدا باسی سلێمانیی بێ گۆیژه و بێ ئه‌زمه‌ڕ ده‌كات و پێی وایه، پڕۆژه‌كه‌ی قه‌یوان كوشتنی شاری سلێمانییه.
ئه‌و دوو ناوه پڕن له یاده‌وه‌ری، ئه‌وانه جۆرێكن له سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی شاره‌كه
به‌گوته‌ی ئه‌و نووسه‌ره گۆیژه و ئه‌زمه‌ڕ بۆ سلێمانی، ته‌نیا شاخ و دیمه‌نێكی سروشتی نین و به‌س، بۆ هه‌ر هاوشارییه‌كی سلێمانی، ئه‌و دوو ناوه پڕن له یاده‌وه‌ری، ئه‌وانه جۆرێكن له سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی شاره‌كه. سڕینه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی شار، سڕینه‌وه‌ی خودی شاره‌كه‌یه.
له به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، ''له چڵێسی و قازانجپه‌رستیی كۆمپانیاكان تێده‌گه‌م، ده‌زانم ئه‌گه‌ر ڕێیان بده‌ن، قه‌ڵای هه‌ولێریش ته‌خت ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه مۆڵێكی هاوچه‌رخ، ده‌زانم به ده‌گمه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ری نیشتمانی و په‌رێزپاكمان هه‌یه، ده‌زانم زۆرینه‌ی زۆری كۆمپانیا و بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانمان هیچ ده‌ربه‌ست نین له پێناو قازانجی خێراتر و زیاتردا شێرپه‌نجه بهێننه ناو ماڵ به ماڵ و سه‌وزایی بكه‌نه بیابان و كوردستان بكه‌نه توونی بابا، لێیان تێده‌گه‌م، چونكه ده‌زانم سه‌ربه چ دنیایه‌كی ئه‌خلاقین! به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی حاڵی نابم، ئه‌و مۆڵه‌ته فه‌رمییه‌یه كه بۆ قه‌ڵه‌وتركردنی داینه‌سۆره‌كانی بازاڕ و بازرگانی و سیاسه‌ت، ڕێی داوه به به هێواشی سڕینه‌وه‌ی سلێمانی و هێدی هێدی بكرێته شارێكی خۆڵه‌مێشیی كه چیتر نه به‌فری زستانی ببێته تارای گۆیژه، نه ئێوارانی ئه‌زمه‌ڕی شوێنێكی هه‌بێ بۆ هه‌ناسه و ته‌ماشایه‌كی سیحریش.''
ئامانج شاكه‌لی رۆشنبیری ناسراو به كورته هۆنراوه‌یه‌ك گازنده‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ده‌نووسێت:
ده‌چمه سلێمانی سیته‌كم لێ دیاره
ئه‌ی وه‌ی زارا گیان، دیده‌م زارا
به زلیی ڤێلاكه‌ت خه‌م له دڵم باره
ئه‌ی وه‌ی زارا گیان، دیده‌م زارا
په‌یجێك به‌ناوی ''سلێمانی سیتی'' به مافی خۆی زانیوه قسه له‌و رووداوه بكات، بۆیه‌ش پێی وایه به‌م كاره شاخ و دارستانی سلێمانی تاڵان ده‌كرێت و كۆمپانیایه‌ك سییه‌كان و جه‌رگی سلێمانی ده‌بڕێت.
سه‌ر زه‌وی و بن زه‌ویی ئه‌م وڵاته‌یان به‌تاڵان برد
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌ی له سلێمانی له‌لایه‌ن كۆمپانیای قه‌یوانه‌وه ڕوو ده‌دات، له دنیادا هاوشێوه‌ی نه‌بووه، هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستان، سه‌ر زه‌وی و بن زه‌ویی ئه‌م وڵاته‌یان به‌تاڵان برد، بێده‌نگیی خه‌ڵك هانی دان ده‌ست بۆ شاخه‌كان ببه‌ن، ئه‌و شاخانه‌ی تاكه شوێنن ته‌لبه‌ند نه‌كراون و خه‌ڵكی ئه‌م شاره ده‌توانن پشوویه‌كی تێدا بده‌ن، ئێسته له‌به‌ر خاتری ملیۆنان دۆلار، ده‌ستیان بۆ هێڵی سووری ئه‌م شاره بردووه، ئیتر قابیلی قبووڵكردن نییه، ده‌ركه‌وت ئه‌م كۆمپانیایه و خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری نیشتمانی نین و هیچ پره‌نسیپێكیان نییه و ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ستێنرێن، به‌مه‌وه ناوه‌ستن.
ئه‌و په‌یجه ره‌خنه له ڕۆژنامه‌نووس و په‌یجه به‌ناو سه‌ربه‌خۆكان و كه‌ناڵه‌كانه‌وه ده‌گرێ و پێی وایه بێده‌نگییان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، سپۆنسه‌ریی ئه‌م كۆمپانیایه له ده‌ست بده‌ن، بۆیه‌ش داوا له دڵسۆزانی سلێمانی و هه‌موو ژینگه‌دۆستان ده‌كات دژی ئه‌م بێ حورمه‌تییه بوه‌ستنه‌وه، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره له سۆشیال میدیا ڕابگه‌یه‌نن و ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ خۆپێشاندانێكی فراوان دژی ئه‌م سووكایه‌تییه‌ی به‌م شاره ده‌كرێت.