له ماوه‌ی چه‌ندان ساڵی رابردوودا، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن حزبه‌كانی سلێمانییه‌وه زۆرترین كێشه و گرفت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كار و پلانه‌كانی دروست كراوه و دژایه‌تیی حكوومه‌ت كراوه، كه‌چی هه‌ر سلێمانی یه‌كێك بووه له‌و شارانه‌ی كه زۆرترین داواكاریی له حكوومه‌ت هه‌بووه، داوای خزمه‌تگوزاری و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كردووه، به‌پێی داتاكانی حكوومه‌تیش كه ساڵانه بڵاویان ده‌كاته‌وه، سلێمانی به‌راورد به ناوچه‌كانی تر زۆرترین گرنگیی پێ دراوه.
ئیدریس ئیسماعیل ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، حزبه‌كانی سلێمانی به‌رده‌وام له هه‌موو كاتێكدا دژایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه، ئه‌گه‌ر له‌ناو حكوومه‌تیش بووبن، ئه‌وان هه‌ر رووبه‌ڕووی حكوومه‌ت و كار و پڕۆژه و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بوونه‌ته‌وه، دژایه‌تییان كردووه تا ئه‌و ئاسته‌ی كه رێگریش بكه‌ن، ئه‌مه سروشتی ئه‌و حزبانه بووه و وایانزانیوه به‌و شێوه‌یه ده‌توانن متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنن، له كاتێكدا ئه‌و دژایه‌تی و رێگرییه‌ی ئه‌وان وایكردووه پڕۆژه و خزمه‌تگوزاری بۆ سنووره‌كه نه‌كرێت، ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكدا نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌ت و سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رده‌وام گرنگییان به‌و شاره و خه‌ڵكه‌كه‌ش داوه و ئاوڕیان له حزبه‌كان نه‌داوه‌ته‌وه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دژایه‌تییه‌ی كه له سلێمانییه‌وه كراوه، به‌پێچه‌وانه‌ی شوێن و ناوچه‌كانی تر، به‌رده‌وام له سلێمانییه‌وه داواكاریی پڕۆژه و خزمه‌تگوزاری له حكوومه‌ت زیاتر بووه، به‌رده‌وام داوای زیاتر كراوه، له كاتێكدا حكوومه‌ت گرنگییه‌كی زۆری به شاره‌كه داوه بۆ خزمه‌تكردن و پڕۆژه، له نزیكه‌وه سه‌ردانی كردووه و پڕۆژه‌ی جێبه‌جێ كردووه، له پلان و كارنامه‌كه‌ی سلێمانی یه‌كێك بووه له‌و ناوچانه‌ی جیاواز له شوێنه‌كانی تر كاری بۆ كراوه، بۆیه دژایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و حزبانه نه‌یتوانیوه وا بكات له حكوومه‌ت و سه‌رۆكی حكوومه‌تیش كه ده‌ست له سلێمانی به‌ربدات به پێچه‌وانه گرنگیی پێ دراوه.
ناسر ئیسماعیل شاره‌زای بواری ئابووری، به "وشه"ی گوت، ئاشكرایه سلێمانی ململانێیه‌كی سیاسیی زۆری تێدایه، ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌ر لایه‌ك كار بۆ ئه‌وه بكات كامیان زۆرینه بێت، بۆ ئه‌مه‌ش كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ چ لایه‌نێك زۆر دژی حكوومه‌ت بێت، تا خه‌ڵك دوای بكه‌وێت، بۆیه ئه‌و دژایه‌تییانه‌ی سنووره‌كه له‌سه‌ر حیسابی زۆربوونی ده‌ستڕۆیشتوویی لایه‌نه‌كانه، ئه‌وه‌ش كاتییه و دواجار حكوومه‌ت به خزمه‌ته‌كانی وه‌ڵامی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام پڕۆژه و داتا و ئاماره‌كان حكوومه‌ت كه چی بۆ سلێمانی كردووه، وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌وانه‌ی داوه‌ته‌وه، چه‌ندان پڕۆژه‌ی ستراتیجی و گرنگ، به‌رده‌وامی سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ سنووره‌كه و ئه‌نجامدانی پڕۆژه بۆی، وه‌ڵامێك بووه بۆ ئه‌وانه.
ته‌حسین محه‌مه‌د چاودێری سیاسی، به "وشه"ی گوت، دیاره له سلێمانی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن ئه‌م دۆخه ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی زیاتر بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه حكوومه‌تی هه‌رێم گرنگیی زۆری به‌م شاره داوه له رووی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به بێ جیاوازی و وه‌ك هه‌موو شاره‌كانی تری كوردستان.
زیاتر گوتی، سلێمانی ناوچه‌یه‌كه به‌رده‌وام خۆی بۆ دژایه‌تیی حكوومه‌ت ئاماده كردووه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ دژی حكوومه‌ت بن و وا خۆیان پێشان ده‌ده‌ن كه حكوومه‌ت سته‌میان لێ ده‌كات، له كاتێكدا حزبی باڵاده‌ستی سنووره‌كه هۆكاری ئه‌و كێشانه‌یه كه خه‌ڵك دژی حكوومه‌ت هان ده‌دات، خۆشی له‌ولاوه دژایه‌تیی حكوومه‌ت ده‌كات و رێگریی له جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی حكوومه‌ت و خزمه‌تكردنی سنووره‌كه و ئه‌نجامدانی پڕۆژه ده‌كات.
وشه/ تایبه‌ت