كۆمەڵەی مێوانخانەكان: لابردنی 10%ی باج بۆ ئێمە و گەشتیارانیش زۆر دڵخۆشكەر بوو

:: PM:09:40:10/08/2024 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بڕیاری دا لێخۆشبوون لە 10%ی باجی سەر هوتێل و مێوانخانەكان، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتی و گەشتیاراندا بوو، كۆمەڵەی مێوانخانە و هوتێلەكان باس لەوە دەكات كە ئەو بڕیارەی حكوومەت وای كرد گەشتیاران بە هوتێلە چوار و پێنج ئەستێرەكان ئاشت بكرێنەوە، چونكە بەهۆی باجەوە تۆرا بوون.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بڕیاری بۆ سووكردنی باری سەرشانی هاووڵاتییان داوە، لە رابردووش چەندین بڕیاری هاوشێوەی دا وەك لێخۆشبوون لە بەشێكی پارە و قەرزی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ، راگرتنی گەڕاندنەوەی پیشینەی هاوسەرگیری و نیشتەجێبوون، لابردنی گومرگ لەسەر ئاژەڵی هاوردە كە سەرجەمیان خەڵك لێی سوودمەند بووە.

لەوبارەوە مەحموود تۆفیق، سەرۆكی كۆمەڵەی مێوانخانە و هوتێلەكانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی 10%ی باجی سەر هوتێل و مێوانخانەكان چووەتە بواری جێبەجێكردن و لەو مانگەوە ئەو باجەی پێشتر لەلایەن ئەوانەوە لە گەشتیار وەردەگیرا، كە هوتێلە چوار و پێنج ئەستێرەییەكانی دەگرتەوە نەماوە، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر باش بوو و باشكردنی كاری ئێمەش بوو، چونكە ئەو باجە وای كردبوو پێشتر گەشتیاران كەمتر بچنە ئەو مێوانخانە و هوتێلانە، كەچی بە لابردنی ئەو بڕە باجە جارێكی تر ئەوان ئاشت كراونەتەوە.

روونی كردەوە، ئەو 10%ی باجە پێشتر هەموو سەری مانگێك لە مێوانخانە و هوتێلەكان دەبڕدرا، ئێمە داوامان كردووە بڕیارەكە كە بە راگرتن هاتووە، بكرێت بە هەڵوەشاندنەوە و بەیەكجاری نەمێنێت، چونكە سەرجەمی لە بەرژەوەندیی گەشتیار و خەڵكە و هیچ سوودێكی بۆ ئێمە نییە، لە سنووری سلێمانیش 52 هۆتێلی میللی و 325 هۆتێلی چوار و پێنج ئەستێرەیی و تا یەك ئەستێرەیی هەیە.

لای خۆیەوە ئیحسان شێخ عیسا، سەرۆكی كۆمەڵەی هوتێل و مێوانخانەكانی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكە بۆ ئێمە و گەشتیارانیش زۆر دڵخۆشكەر بوو، لەو ماوەیە گەشتیار سەردانی هۆتێلە چوار و پێنج ئەستێرەییەكانیان كردووە و دڵخۆشیی خۆیان لەو بڕیارە نیشان داوە كە پێشتر هەبوو و ئێستە نەماوە، چونكە بارێكی قورسی لەسەر گەشتیار و هاووڵاتیی دروست كردبوو، كاریگەریشی لەسەر كاری ئێمە هەبوو، ئێستە كە نەماوە و ئەو پارە بۆ گەشتیار دەگەڕێتەوە، كاری هوتێل و مێوانخانەكانیش لە رووی ژمارەی سەردانیكار باش دەكات.

باسی لەوەش كرد، داوایەكمان بۆ هوتێل و مێوانخانەكانی ناو شارەكان كردووە، لەبری ئەوەی ساڵانە مامەڵەی ئەو باجەمان لەگەڵدا بكەن، بكرێتە شەش مانگ، چونكە هاتنی گەشتیار لە هەرێمی كوردستان لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی تر جیاوازە، هەروەها بۆ هوتێل و مێوانخانەكانی دەرەوەی شار چوار مانگ جارێك مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی هوتێل و مێوانخەكان هەنگاوێكی باشە ئەگەر بكرێت، لە سنووری پارێزگای دهۆك 214 هوتێل و مێوانخانە و گوندی گەشتیاری هەیە، كە سوود لەو بڕیارە دەبینن و لێی سوودەمەند دەبن.

بەپێی ئامارەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر سەرو 350 هوتێل و مێوانخانە هەیە، كە بەهۆیانەوە ئەو بڕیاری راگرتنی 10%ی باج دەیانگرێتەوە، ئەوانیش لە راگرتنی وەرگرتنی باج لە گەشتیار و هاووڵاتییان سوودمەند دەبن.

لەلایەكی تر و پێوەست بە بابەتەكە عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی رێنوێنییەكان تا ئێستە ئەو بڕیاری لێخۆشبوونە تەنیا بۆ مێوانخانە و هوتێلە چوار و پێنج ئەستێرەییەكانە، لە بڕیارەكەدا باس لە كۆمپانیاكان نەكراوە، بۆیە ئەگەر ئەوانیش بگرێتەوە هەنگاوێكی زۆر باش و ئەرێنی دەبێت.

بەهائەدین مەعرووف، هاووڵاتی بە "وشە"ی گوت، راگرتنی 10%ی باج لەسەر گەشتیار و هاووڵاتیی سەردانیكاری ئەو شوێنانە دەنووسرا و پارەكە لە گەشتیار وەردەگیرا، ئەركێكی قورس بوو، بەڵام نەمانی هەنگاوێكی زۆر بەجێ و باش بوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل