لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەندین كادر و كەسی بەتوانا و شارەزا و مامۆستای زانكۆی هەیە، بەڵام ئەندام و لایەنگر و كادرەكانی خۆی فەرامۆش كردووە و كۆمەڵێك كەسی لابەلا و جنێودەری كاندید كردووە، كە تا دوێنێ قسەیان بە سەركردایەتی و حزبەكە و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە دەگوت، ئێستەش بۆ پەرلەمانی كوردستان كاندید كراون.
ئەو هەنگاوەی یەكێتی و دیاری نەكردنی كادر و ئەندامانی خۆی وەك كاندید، حیسابنەكردنە بۆ ماندووبوونی ئەو كادرانەی حزبەكە كە چەندین ساڵە لە چوارچێوەی كاری حزبیدا كاری بۆ دەكەن، جنێودەرێكیش كە تا دوێنێ سووكایەتی بە هەموو یەكێتییەكان دەكرد، كراوەتە كاندید و بەناچاری دەبێت دەنگی بۆ بدەن، بەڵام رای كۆمەڵێك كادر و ئەندامی ئەو حزبە لەسەر ئەو كارەی سەركردایەتیی یەكێتی كردوویەتی جیاوازە.
لەوبارەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، یەكێتی خاوەنی كۆمەڵێك كەسی ماندوو و خاوەن ئەزموون و لێهاتوون، بەڵام ئەوانە وەلا نراون و كەسانی تر كراون بە كاندید بۆ هەڵبژاردن، هەر ئەوانەی پێشتر قسە و جنێو و سووكایەتییان بە یەكێتی و یەكێتییەكان دەكرد، ئێستە كراون بە كاندید لەسەر ئەو حزبە و لەسەر مافی كەسانی تری ناو حزبەكە.
زیاتر گوتی، یەكێتی گرنگی بە كەسانی خۆی نادات و ئێستە راستییەكان دەركەوتن كە ئەوانە كەسانی ئاراستەكراو بوون و بەپارە دژی حكوومەت قسە و كاریان پێ كراوە، سەرەڕای یەكێتییەكانیش، خەڵكانێكن بە ئاراستەی سیاسەتێك دەڕۆن كە دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، چەندین كەسی لەو شێوە بەپارە بەكرێ گیراون دژی حكوومەت قسە بكەن.
لای خۆیەوە سامان حەسەن، ئەندامێكی ناڕازیی یەكێتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، یەكێتیی نوێ دۆخێكی خراپی نەك هەر بۆ حزب، بەڵكو بۆ ئەندام و جەماوەری یەكێتی دروست كردووە، وایان كردووە خەریكە ئەوانەی لە رابردوو دڵسۆزی ئەو حزبە بوون و بێ ماندووبوون كاریان كردووە پەشیمان ببنەوە، چونكە ئەوان ماندووبوون و كەسی تر هێنرانە پێشەوە، كەسێك كە تا دوێنێ هەرچی قسە بوو بە یەكێتی و یەكێتییەكانی دەگوت، ئێستەش دەبێت ئەو یەكێتییانە دەنگی پێ بدەن و كاری بۆ بكەن، ئەمە لە چ حزبێكدا هەیە ئەندام و لایەنگر و كادری خۆت بكەیت بە قوربانی كەسانێك كە جنێودەر بوون.
ئاماژەی كرد، یەكێتی لە دۆخێكی خراپی ناوخۆییدایە و هیچ حیسابێك بۆ كادر و ئەندامانی خۆی ناكات، چەندین كەسی شیاو هەن بۆ ئەوەی بكرێنە كاندید و متمانەی خەڵك بەدەست بێنن، بەڵام نەكراون بە كاندید، بەدڵنیاییەوە ئەمە جێگەی هەڵوەستەكردنە، چونكە دەبێت حزب بەدوای كەسە ماندووەكانی خۆی بگەڕێت بۆ ئەوەی متمانەی هەبێت.
هەر لەوبارەوە ئارام عەدنان، رۆشنبیر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمە شێوازێكی نەشازی كاری حزبی و سیاسییە كە پەیدا بووە، كەسێك تا دوێنێ قسە و جنێوی بە حزبێك دابێت، بەڵام بیهێنیت و بیكەی بە كاندید، سبەی ئەگەر دەربچێت ئەمە جگە لە جنێو هیچی تری لێ چاوەڕێ ناكرێت، لەوكاتەی چەندین مامۆستای زانكۆ و كەسی رۆشنبیر و خاوەن بیركردنەوە هەن كە دەتوانن كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، بەڵام كەسێكی جنێوفرۆش بكرێتە كاندید، سبەی هەر بەو زمانە قسە دەكات و بۆ ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبەش مانای نەبوونی متمانەیە لای كادر و ئەندامەكانی.
وشە/ تایبەت