رۆژ دوای رۆژ دێتە سەلماندن كە یەكێتی حزبێكە هەمیشە بەدوای بەرژەوەندیی حزبییەوەیە، لەكاتێكدا پارتی بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتی پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی تر دەخات و خستووە، شارەزایان دەڵێن یەكێتی بەو سیاسەتە كار دەكات "ئەگەر بۆخۆم نەبێت تێكی دەدەم"، یان "ئەگەر چاك نەكرێت ئەتوانم تێكی بدەم"، بەبێ بیركردنەوە لەوەی چی روودەدات و چۆن خەڵك دەكەونە مەترسییەوە؟، لەكاتێكدا دەبێت حزب لەپێناو هاووڵاتییان كار بۆ بەرژەوەندییە گشتییەكان بكات.
لەماوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017، پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام داوای ئەوەی كردووە كە تێكدانی دۆخی كەركووك و هەر ناوچەیەكی تری كوردستانی، جێگەی گفتوگۆ نییە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی بێت ئەوە دەكەین، رێگە نادەین هیچ كەس و لایەنێك ببێتە هۆكاری پشێوی، بەڵام یەكێتی بەتەواوی پێچەوانەی ئەمە كاری كرد و هەموو كات دژی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی وەستایەوە.
لەوبارەوە نەژاد ساڵح، رۆشنبیری و نووسەری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، خەڵك حەز دەكات كورد یەك بێت، خەڵك حەزی لە برایەتی و پێكەوەژیانی كوردە، بەڵام سیاسەت ئەوانەی نەهێشتووە و ئەوە بەهۆی پۆست و پلەوە نەماوە، هەرگیز بڕوام نییە یەكێتی بتوانێت ئەو ژمارە دەنگە بێنێت، چەند لایەنێكی سیاسیش وەك نەوەی نوێ هەرچی دەنگی هەبووە بۆ یەكێتی بووە لە كەركووك، بۆیە ئەو هاشوهوشەی نەوەی نوێ هەمووی هیچ بوو، خۆڵكردنە چاوی خەڵك بوو، تێكدانی نێوماڵی كورد كارێكی باش نەبوو، لایەنێك بەدوای پۆست و پلە بوو، كەركووك و كەركووكییەكان كراون بە قوربانی و ئەنجامەكەشی باش نەبووە، بۆچی چوار ساڵەكە بۆ كورد نەبێت، بۆ دوو ساڵ، كەركووك هی ئەوەیە دوو ساڵ لای كورد بێت؟
روونی كردەوە، ئەوەی گرنگە لای كەركووك و كەركووكییەكان كاری گەورە بكرێت بۆ شارەكە، بەڵام ئاخۆ ئەو پارێزگارە دەتوانێت لە دوو ساڵدا كەركووك بگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی و كێشەكان چارەسەر بكات، ئەمە گرنگە، ئەوەی بەسەر جووتیار و كوردی كەركووك هاتووە دەتوانێت رێگری لێ بكات؟
لای خۆیەوە خەدیجە عومەر، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر حزبێك بەرژەوەندیی خۆی پێش بەرژەوەندیی گشتی خست، ئەوە هەر كاتێكیش بێت كار بۆ تێكدانی دۆخەكە دەكات، كار بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات، لەهەر شوێنێكیش بەرژەوەندیی خۆی نەبوو تێكی دەدات، یەكێتی ئەو حزبەیە كە هەمیشە لە هەرێم و لە بەغداش بەرژەوەندیخواز بووە، لە كەركووك دەستی لەگەڵ چەند لایەنێك تێكەڵ كرد و بەشی زۆری پۆستەكانی كوردیشی داوە بەو لایەنانە كە پێشتر لای كورد بوون، بۆیە بەس خەیاڵی لای بەرژەوەندی و دەستكەوتی خۆی بووە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، ئەوی لەماوەی حەوت ساڵی رابردوو بەسەر كەركووك هاتووە یەكێتی هۆكار بووە و لایەنی دەسەڵاتدار پێی هەستاوە، بەڵام ئێستە چووە لەگەڵ چەند لایەنێكی دەرەوەی كورد رێككەوتنی كردووە، مادام یەكێتی حزبی بەرژەوەندییە، تا ماوە لەو دۆخەی ئێستەی حزبەكە رووبەڕووی بووەتەوە رزگاری نابێت، یەكێتی چەندان ساڵە ئامادە نییە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، لە حكوومەت بووە و دژایەتیی حكوومەتی كردووە و داوای پۆست و پلەی زیاتریشی كردووە.
پێوەست بەو پرسە رێبین سالم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، سیاسەتێكی هەرزەییانە لەناو یەكێتی پێڕەو دەكرێت كە زیانی لە هەموو هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانیش داوە، ئەوان بیر لەهیچ ناكەنەوە ئەوە نەبێت كە خۆیان مەبەستیانە، سیاسەتێكی چەوت، پیلانی بەردەوام، ئەقڵیەتێكی پۆپۆلیستانە، یەكێتی چونكە لەناوخۆی خۆیان كێشەیان هەیە و رووبەڕووی كێشە بوونەتەوە، بۆیە دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمیش دروست بكەن، یان چاو لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان لا بدەن و خەڵك بە شتی ترەوە سەرقاڵ بكەن.
وشە/ تایبەت