لە یەكەم 10 رۆژدا دەسەڵات و پۆست ئیدارەی پزیشكیانی ترازاند

:: PM:07:58:12/08/2024 ‌

دوای بردنەوەی مەسعوود پزیشكیان، كاندیدی ریفۆرمخوزان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێران و بوونی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە، راپۆرتەكان ئاماژەیان كرد كە رابەری باڵا و پارێزگاران و سوپای پاسداران ئەویان بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵكە ناڕازییەكە لە ناوخۆی و رۆژئاوا لە دەرەوە هێناوەتە پێش، خۆشیان لەپشت پەردەوە بڕیاری كۆتایی دەدەن، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد جەواد زەریف، لە پۆستی جێگری سەرۆك پەردەی لەسەر چەند راستییەك هەڵدایەوە. 

لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، مەسعوود پزیشكیان و ریفۆرمخوازەكان زۆر بەگەرمی بانگەشەیان كرد و دەیان بەڵێنیان بە خەڵك دا، لە سەروویانەوە گۆڕانكاری و چاكسازی و باشكردنی دۆخی ناوخۆیی و پێوەندییە دەرەكییەكانی ئێران، كەچی لە 10 رۆژی یەكەم محەمەد جەواد زەریف، جێگری پزیشكیان كشایەوە، ئەوەش چەند بابەتێكی ئاشكرا كرد و زیاتریشی دووپات كردەوە، دەری خست كە پزیشكیان لەناو رەوتی ریفۆرمخوازەكان لەگەڵ پارێزگارانیش لە ململانێدایە. 

زەریف بۆ یارمەتیدان لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێی ئێران لەلایەن پزیشكییانەوە هاتە راسپاردن، بەڵام كابینە 19 وەزیرییەكە جیاواز لە ویستی ئەو پێك هات، كە بێئومێدی و شەرمەزاریی خۆی دەربڕی، چونكە نەیتوانیوە وەك بەڵێنی داوە ژن و گەنج و پێكهاتەكان بێنێتە ناو حكوومەتەكە.

محەمەد عەبادی، توێژەر لە كاروباری ئێران دەڵێت، دەستلەكاركێشانەوەی زەریف دووپات لە بوونی ناكۆكیی گەورە لەنێوان سوپای پاسداران و بەرەی ریفۆرمخوازان دەكاتەوە، ریفۆرمخوازەكانی پاڵپشتییان لە پزیشكیان كرد وایان دەزانی دەتوانن دوای گەیشتنیان بە دەسەڵات سیاسەتەكانی خۆیان بسەپێنن، كەچی ئەوەی رووی دا ئەوان شۆك بوون بەوەی ناتوان هیچ شتێك بكەن.

عەبادی روونی كردەوە، دوای ئەوەی پزیشكیان پێكهاتەی كابینەی حكوومەتەكەی دایە ئەنجوومەنی شوورا بۆ پەسندكردنی، ریفۆرمخوازەكان بەئاشكرا تووشی نائومێدی بوون، چونكە پێكهاتەی حكوومەتەكە لە ئاستی خواستی ئەوان نەبوو، بەتایبەتی زەریف، بۆیە ئەو دركی بەوە كرد كە ناتوانێت هیچ شتێك بگۆڕێت و رۆڵی كارای لە سیاسەتەكانی ئێران هەبێت، لەوەش دڵنیا بووەوە كە تا ئێستە سوپای پاسداران و دامەزراوە قوڵەكان كۆنترۆڵی تەواوەتیی بڕیارەكانی ئەو وڵاتە دەكەن و لە كۆتاییدا هەر ئەوان بڕیاری خۆیان دەسەپێنن، وەك ئەوەی لە دیاریكردنی پێكهاتەی حكوومەتی نوێ دەركەوت و زۆر لەوە دوور بوو كە ریفۆرمخزازان لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بە پێكهاتە و ژن و گەنجانیان دابوو. 

سەعید شاوردی، توێژەری سیاسی دەڵێت، بەم دواییە و لەسەر راسپاردەی پزیشكیان، زەریف ئەنجوومەنێكی بۆ چاوخشاندن بە دۆسیەی كاندیدان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارەتیی حكوومەتی نوێ پێك هێنا، لەوانە وەزارەتەكان، بەڵام تەنیا سێ لەوانەی ئەنجوومەنەكە دیاری كردن كرانە وەزیر، لە كۆی هەزار ناو، دووپاتی كردەوە، زەریف رای گەیاندبوو كە لەدوای بوونی بە جێگری سەرۆك گوشاری خراوەتە سەر، چونكە منداڵەكانی خاوەن رەگەزنامەی ئەمەریكین.

محەمەد عەبادی دووپات لەوە دەكاتەوە كە زەریف لە كەسایەتییانەیە كە سوپای پاسداران لێیان توڕەیە، تەنانەت لە هەندێك لە میدیاكانی ئێران وەك ناپاك و نۆكەری رۆژئاوا پەنجەی بۆ درێژ كراوە، كاتێك پارێزگاران بەوە تۆمەتباری دەكەن كە لە گفتوگۆی ئەتۆمی سازشی زۆری بۆ ئەمەریكا كردووە و نەیتوانیوە گەرەنتی نەكشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی 2015 بەدەست بێنێت.   

عەبادی ئاماژە دەكات كە ئێستە دەسەڵاتی ریفۆرمخوازەكان لە ئێران نەماوە چەند ساڵێكە ئەوان پەراوێز خراون، رێگەدانیش بە پزیشكیان بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردن و بوون بە سەرۆك بۆ هێوركردنەوەی شەقامە توڕەكە بوو، ئەوەی كۆنترۆڵی دەسەڵات لە تاران دەكات رابەری باڵایە و دوای ئەو دامەزراوە توندڕۆكان، لەسەروویانەوە سوپای پاسداران، بۆیە ناكرێ ئەوە بڵێین كە ململانێ لەنێوان رەوتەكان لە ئێران هەیە، بەڵكو تەنیا یەك رەوت بەسەر تەواوی دۆخەكە زاڵە، وەك ئاماژەیەك بۆ پارێزگاران، رێگەدانیش بە هاتنەپێشەوەی ریفۆرمخوازان بۆ هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانە لەگەڵ رۆژئاوا، واتە پارێزگاران ریفۆرمخوازەكان بۆ خزمەتی ئەجیندای خۆیان بەكاردێنن. 

لای خۆیەوە جەواد ئیمام، گوتەبێژ بەناوی بەرەی ریفۆرمخوازان لە ئێران ئاماژە دەكات، زەریف بەهۆی ناڕەزایەتی و گوشاری ریفۆرمخوازان لەسەری بەهۆی گۆڕانكاری لەسەر ناوی كاندیدان بۆ پۆستە ویزارییەكان دەستی لەكار كێشایەوە، كە لە دواساتەكان بێ زانیاریی ئەو روویان دا، لەوانە حەسەن رەوحانی، سەرۆكی پێشووتری ریفۆرمخوازی ئێران گوشاری كردە سەر لیژنەكەی زەریف بۆ ئەوەی پێنج كەسی نزیك لە خۆی بكاتە وەزیر، ئێستەش بەداخەوەین بۆ نەبوونی نوێنەری پێكهاتەكان لە كابینەی حكوومەت، بەتایبەتی سوننە و كورد، لەوكاتەی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڵێنیان پێ درا بوو.

شایەنی باسە لە كابینەی نوێی حكوومەتی ئێران، حەسەن رەوحانی، سەرۆكی پێشووتر پێنج وەزیری داناوە، رۆشنبیری و ئابووری گەشتوگوزار و خوێندنی باڵا و وەزیری دەرەوە، سێ وەزیری حكوومەتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی كۆچكردووی ئێران ماونەتەوە، ئەوانیش هەواڵگری و وزە و داد، سێ وەزارەتی تر بۆ ریفۆرمخواز و توندڕۆكان و دووشی بۆ سەربەخۆكان بووە، لەوكاتەی كابینەكە بەتەواوی لە نوێنەرانی كورد و سوننە و پێكهاتەكان بەتاڵ بوو.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل