ئەمڕۆ لە سلێمانی چی ڕووی دا؟.. پشتەوەی هەواڵەكان شتی ترن

:: PM:03:34:26/06/2025 ‌
لە كاتێكدا ئەمڕۆ بڕیار بوو بەشێك لە مامۆستایان و ئەوانەی لە رابردوودا خۆپێشاندانیان لەو شارەدا دەكرد، دەست بە خۆپێشاندان بكەنەوە، بەڵام هێزە تەناهییەكان لەو سنوورە دەستیان نەپاراست و ئەوەی كەوتە بەردەستیان راپێچیان كردن. 

مۆڵەت نەبوو 
پێشتر لیژنەی تەناهیی سلێمانی هیچ مۆڵەتێكی بە خۆپێشاندان و گردبوونەوە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی حوزەیران نەدابوو، بیانوویان بۆ نەدانی مۆڵەت ئەوەبوو كە دۆخی ناوچەكە ئەوە هەڵناگرێ‌ خۆپێشاندان بكرێت و مەترسی هەیە. 

دوای راگەیەنراوەكەی لیژنەی تەناهی، خۆپێشاندەران سوور بوون لەسەر گردبوونەوە لە بەردەم سەرای ئازادی لە سلێمانی، بەڵام ئەمجارەیان سەرای ئازادی بووە سەرای راپێچكردن. 

هەڕەشەكان چی بوون؟ 
میدیای فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێی وایە، ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی هەوڵی بۆ دەدرا، پیلان داڕێژراو بوو، تەقە و كوشتن و چەندان شتی تر روویان دەدا، ئەگەر رێگە بدرایە خۆپێشاندان بكرێ‌. 

ئەوان لایەنێكی سیاسی لە سلێمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستی هەبووە لە تێكدانی دۆخی شارەكە، بەڵام ئەو پەنجەی تۆمەتەی كە هەوڵی تێكدانی داوە، روو لە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەلە. 

زانیارییەكە ئەوەیە: بەپێی ئەوەی "وشە" لەسەرچاوەیەكی ناو یەكێـتییەوە زانیویەتی، لاهوور شێخ جەنگی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ چەند رێكخەرێكی خۆپێشاندانەكەی ئەمڕۆ كۆ بووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گوتوویەتی، كاتی خۆپێشاندانی هێمنانە و دروشم بەرزكردنەوە نەماوە، پێویستە رێگەی تر بگیرێتەبەر تا دۆخەكە بە تەواوی تێكبچێت. 

ئەو قسانەی لاهوور شێخ جەنگی لەناو ئەو رێكخەرانەدا دزەی كردووە بۆ دەزگا تەناهییەكانی یەكێتی، دەكرێت ئەوە وەك هۆكاری سەرەكی بێ‌ بۆ ئەو مامەڵەی ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكانی یەكێتی لەگەڵ خۆپێشاندەرانی سلێمانی كردیان. 

لاهوور شێخ جەنگی سوور بووە لەسەر ئەوەی خۆی رابەرایەتیی ناڕەزایەتییەك دەكات، ئەگەر سەر بگرێت و "بەدڵی ئەو بێت"، بەڵام ئێستە خۆپێشاندانەكە نەك بە دڵی ئەو نەبوو، بەڵكو هەر ڕێگە نەدرا بجووڵێنەوە. 

پەیامێك بۆ لاهوور شێخ جەنگی
شەوی رابردوو پەیامێكی نهێنی لە دەزگای زانیاریی یەكێتییەوە گەیشتووەتە دەست لاهوور شێخ جەنگی، پەیامەكە لە ڕێی كەسێكەوە بووە /ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە/ پێی گوتراوە كە دەزگای زانیاری ئاگاداری ورد و درشتی پیلانەكانیەتی، بۆیە باشترە پاشگەز بێتەوە، لانی كەم لە راگەیاندنەكانی خۆیەوە هانی خۆپێشاندان نەدا.

هەرچەندە ئەو پەیامەی دەزگای زانیاری دوای دزەكردنی كۆبوونەوەكەی بوو لەگەڵ چەند ڕێكخەرێكی خۆپێشاندانەكە، بەڵام تا ئاستێكی زۆر میدیاكانی بەرەی گەل لە هاندانی خۆپێشاندەران كشانەوە، هەرچەندە ئەمڕۆ بە چڕی رووماڵی گرتن و دۆخی شارەكەیان كرد.

هێز بەرانبەر هێز 
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لاهوور شێخ جەنگی نیازێكی تری لە هاندان و دروستبوونی خۆپێشاندان هەبووە، وای داناوە كە ژمارەیەك لە چەكدارەكانی بباتە ناو خۆپێشاندانەكان، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر لە دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری بەرپرسیاریەتییان هەبووە، تا چاو لەو هێزە سوور بكەنەوە كە دێنە سەرای ئازادی. 

ئەو نیازی وا بووە كە ئەو بەشە چەكدارەی لای یەكێتییە، تا ئێستە ئینتمایان بۆ لاهوور شێخ جەنگی هەیە و چاوەڕوانی كاردانەوەیەكی لێ‌ دەكەن، تا دەست بەسەر چەند جومگەیەكی تری یەكێتی بگرنەوە، ئەوەیش بە تەواوی یەكێتیی هار كرد و دۆخی ئەمڕۆیان پێ‌ قبووڵ نەكرا. 

پیلانەكە چۆن شارایەوە؟ 
بە گرتنی رۆژنامەنووسان و چەند ئەندامێكی حزبەكەی عەلی حەمەساڵح، هەریەك لە بەرەی گەل و یەكێتی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی نێوانیان شاردەوە، بە جۆرێك ئێستە میدیاكانیان تەنیا باسی گرتنی رۆژنامەنووسان دەكەن. 

كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە لێدوانێكدا رای گەیاندووە، رۆژنامەنووسانی گیراو لای ئاسایش دوای نانخواردنێك ئازاد دەكرێن. ئەو قسەیە لە پێناو شاردنەوەی ئەو دۆخە گەرمەی پشت پلانی هەردوو حزبی یەكێتی و بەرەی گەل بووە. 

هەڵوێست و ئەوانی تر 
بەبێ‌ ئەوەی ئاگاداری ئەو دۆخە بن كە دەگوزەرێ‌، عەلی حەمەساڵح و چەند كەسێكی ئەندامی لەگەڵ چەند كەسێك لە حزبی شیوعی و پەرلەمانتار، چوونە سەرای ئازادی، بەڵام ئەوانیش پێچرانەوە و گیران، دوای ماوەیەكی كەم ئازاد كران. 

ئەوان كە بەردەوام سواری شەپۆلی ناڕازییەكان دەبن، ئێستە پێویستە ئەو راپۆرتەی "وشە" بخوێننەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا باشتر لە دۆخەكە تێبگەن. 




وشە - وشه‌