نووسین و ژن، ژن و حیكایه‌ت، ژن و گێڕانه‌وه، زۆرجار كه ئه‌م جووته وشانه پێوه‌ست ده‌بن به یه‌كتره‌وه، تێكستى چاك به‌رهه‌م دێنن و زۆر جاریش له مێژووى ئه‌ده‌بیاتى دنیا، تێكستى گه‌وره له به‌ریه‌ككه‌وتنى ئه‌م جووته وشانه به‌رهه‌م هاتووه. ره‌نگه یه‌كێك له دیارترین و مه‌زنترین ئه‌و تێكستانه‌ش چیرۆكه‌كانى "هه‌زار و یه‌كشه‌وه بێت".
مه‌به‌ست ئه‌وه نییه، نووسه‌رى تێكستى "هه‌زار و یه‌كشه‌وه" ژنه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كى له چیرۆكه‌كاندا ژنه، ژن له كتێبه‌كه‌دا حیكایه‌ته‌كان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام به چ مه‌به‌ستێكیش؟ به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى ژنانى تر له مه‌ینه‌تى رزگار بكه‌ن. ئه‌مه وا ده‌كات لێره‌دا بڵێین زۆرجار جۆرێك له جیاوازى توند له نێوان مه‌به‌ستى ژن له "گێڕانه‌وه" و مه‌به‌ستى پیاو له هه‌مان بابه‌تدا ده‌رده‌كه‌وێت.
گوتارى پیاو له گێڕانه‌وه‌دا بۆ سه‌ركه‌وتنه، بۆ خۆسه‌پاندنه، بۆ ستاتیكایه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌كانى ژن بۆ خۆڕزگاركردنه، بۆ به‌رگرییه، بۆ ئازادبوونه.
كاتێك ده‌ستم كرد به خوێندنه‌وه‌ى كتێبى "ژانى ژن ئاڵۆشى پیاو" له لاپه‌ڕه سه‌ره‌تاكانى ئه‌م كتێبه، ئه‌م تێبینییانه‌ى سه‌ره‌وه‌م له‌لا دروست بوو.
ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن "ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان" نووسراوه و له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ى رۆژنامه‌وانى "وشه" چاپ كراوه. ئیڤان كه ساڵانێك وه‌ك رۆژنامه‌نووس كارى كردووه، زۆر له كاره‌كانى بۆ كێشه‌ى ژنان ته‌رخان كردووه، له پێشه‌كى كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێ "هه‌رگیز خوازیارى ئه‌وه نه‌بووم كتێبێك له‌باره‌ى ئه‌و چیرۆكانه‌وه بنووسم كه به ده‌ورى خه‌م و فرمێسك و خوێنى ژن‌دا ده‌سووڕێنه‌وه" بۆیه پرسیار ئه‌وه‌ی لا دروست بووه بۆچى هێشتا ده‌بێت باسى ژن و مه‌ینه‌تییه‌كانى مێینه‌بوون بكه‌ین؟.
وه‌ك له‌م چه‌ند دێڕه‌ی نووسه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، كتێبه‌كه چیرۆكى ئه‌و ژنانه‌یه كه پێشتر "ئیڤان" وه‌ك دۆسیه‌ى رۆژنامه‌وانى كارى له‌سه‌ر كردوون، خاڵێكى تریش دووپاتكردنه‌وه‌ى ئه‌و تێبینییانه‌یه كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كردوون، ژن له‌م كتێبه‌دا رووداوه‌كان ده‌گێڕنه‌وه به مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى جارێكى تر باس له مه‌ینه‌تییه‌كان بكرێت، جارێكى تر خه‌ونه‌كان بۆ ئازادى تۆخ بكه‌نه‌وه. بۆیه هه‌ر له پێشه‌كییه‌كه‌دا ئیڤان كه خۆی یه‌كێكه له ستافی "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌و وشانه فرمێسكى په‌نگخواردوون، ئه‌و ئازارانه‌ن كه ده‌مویست له جیاتى گریان پڕۆژه‌ى نووسین بن، هه‌رچه‌نده ده‌شزانم ئه‌و خوێن و فرمێسكه‌ى له‌به‌ر ژن رۆیشتوون، به تێپه‌ڕبوونى كات ده‌بنه هه‌وێنى وه‌دیهاتنى سه‌رده‌مێكى باشتر".
ئه‌م كتێبه له 16 به‌ش پێكهاتووه، هه‌ر به‌شێكى حیكایه‌تێكى سه‌ربه‌خۆیه، ناونیشانێكى سه‌رنجڕاكێشى بۆ دانراوه، به‌ڵام كه ده‌ڵێین "حیكایه‌ت" حیكایه‌تێك نا كه زاده‌ى خه‌یاڵ بێت، به فانتازیا هۆنرابێته‌وه، به‌ڵكو بابه‌ته‌كانى كتێبه‌كه به‌شێكن له‌و دۆسییانه‌ى رۆژانه له‌م هه‌رێمه‌دا له دادگاكان، لای پۆلیس و شه‌ڵته‌ره‌كان، له قووڵایى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌ن و هه‌ندێك جاریش به‌ده‌ستێكى باڵاى عه‌شایه‌رى بۆ تا هه‌تایه گووم ده‌كرێن، به‌ڵام رۆژنامه‌نووس زۆرجار فریاى ئه‌و بابه‌تانه ده‌كه‌وێت و له فه‌وتان رزگاریان ده‌كات.
تێبینییه‌كى تر ئه‌وه‌یه ئه‌م كتێبه له كارى رۆژنامه‌وانییه‌وه هاتووه، ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كى تر بۆ كتێبه‌كه زیاد ده‌كات، به پێچه‌وانه‌ى زۆر تێگه‌یشتنى هه‌ڵه كه له‌سه‌ر تێكسته رۆژنامه‌وانییه‌كان هه‌ن، چونكه متمانه‌ى بابه‌ته‌كان زیاتره و شیاوى ئه‌وه ده‌بن نه‌ك ته‌نیا بۆ خوێندنه‌وه، به‌ڵكو له بواره‌كانى تریش كاریان له‌سه‌ر بكرێت. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ده‌كرێ ئه‌م بابه‌تانه‌ى له كتێبه‌كه‌دا نووسراون، نموونه‌ى به‌رده‌ست و ئاماده‌بن بۆ كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسان تا كارى له‌سه‌ر بكه‌ن.
كتێبی "ژانی ژن ئاڵۆشی پیاو" له‌م شوێنانه ده‌ست ده‌كه‌وێت