دوو مۆزەخانەی ورمێ چوونە ناو لیستی مۆزەخانەكانی دنیا و بە فەرمی تۆمار كران و خەڵكی وڵاتانی تریش دەتوانن راستەوخۆ وێنەی مۆزەخانەكە ببینن.
 
جەلیل جەباری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری و پیشەسازی دەستەی ورمێ ئاشكرای كرد، هەردوو مۆزەخانەی زانست و تەكنەلۆجیا و  مێژووی سروشتیی ورمێ لە لایەن كۆمیتەی نێودەوڵەتیی مۆزەخانەكان UMAC  تۆمار كرا.
	
ئەو كۆمیتە نێودەوڵەتییە لە هەموو دنیادا سێ هەزار مۆزەخانەی تۆمار كردووە، هەردوو مۆزەخانەی ورمێش چوونە ناو لیستی مۆزەخانەكانی و لە ماڵپەڕەكەیەوە خەڵك دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
	
بەگوێرەی 
ئیرنا، لە ئێران پێشتر 11 مۆزەخانە لە ناو لیستی ئەو كۆمیتە نێودەوڵەتییە تۆمار كرابوو و ئێستە ژمارەكە بۆ 13 مۆزەخانە بەرز بووەتەوە.
ورمێ خاوەنی هەزار و 600 شوێنەوارە 
	
ورمێ خاوەنی هەزار و 600 شوێنەوارە كە دوو شوێنەواری تەختی سلێمان و كەنیسەی چاڵدران لە لایەن شوێنەواری جیهانیی بە فەرمی ناسراون.
	
پارێزگای ورمێ خاوەنی 15 مۆزەخانەیە لە بوارە جیاوازەكان و سەرووی 11 هەزار پارچەی شوێنەواری پارێزگارییان لێ دەكرێت.
	
كۆمیتەی نێودەوڵەتیی مۆزەخانەكان لقێكی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی مۆزەخانەكانە و بە ئامانجی پشتیوانی لە شوێنەوار و ئەو مۆزەخانانەی لە لایەن زانكۆكانی دنیاوە سەرپەرشتی دەكرێن، لە ساڵی 2000وە دەستی بە چالاكی كردووە.