كۆریا سزای قورسی دوو گەنج دەدا كە تەماشای درامایان كردووە

:: AM:09:39:10/08/2024 ‌
بەهۆی سەیركردنی درامای كۆریای باشوور، دوو هەرزەكاری تەمەن 16ساڵان لە كۆریای باكور، سزای 12 ساڵ كاری زۆرەملێیان بەسەردا سەپێنرا.

بەهۆی ئەو كێشە سیاسییانەی هەیانە، كۆریای باكور زۆرینەی هەرە زۆری ئەو شتانەی قەدەغە كردووە كە لە كۆریای باشوورەوە روو لە كۆریای باكور دەكەن، وەك تیڤی و رادیۆ و گۆرانی و موزیك و دراما.

دەسەڵاتدارانی كۆریای باكور سەریان لەوە سوڕ ماوە دوای ئەو قەدەغە زۆرەی لەسەر شتەكانی كۆریای باشوور، هێشتا خەڵكێك لە وڵاتەكەیاندا گۆرانی و موزیك و درامای كۆریای باشووریان پێ دەگات.

ڕێكخراوی گەشەپێدانی باكور-باشوور، لەمدواییانەدا ڤیدیۆیەكی دەگمەنی بڵاو كردەوە كە لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی 2020 تۆمار كراوە، دوو هەرزەكار بەهۆی سەیركردنی فیلم و بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەكانی كۆریای باشوور، سزای 12 ساڵ كاری قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، جگەلەوەی سەریان تاشرا، هەروەها لە بەردەم سەتان هاوپۆلیشدا قۆڵبەست كران و بە ئاشكراش سەرزەنشت كران.

هەر لە ڕاپۆرتەكەی رێكخراوەكەدا هاتووە، دوو خوێندكارەكە "لی و وێن" سەیری دەیان فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنیی كۆریای باشووریان كردووە، ئەمەش پێشێلكردنی "یاسای ئایدۆلۆجی و كولتووری كۆریای باكورە"، بۆیە هەریەكەیان سزای 12 ساڵ كاری قورسیان بەسەردا سەپێنرا.

لە ساڵی 2020دا كۆریای باكور یاسایەكی دەركردووە كە دەڵێت، "سەیركردنی بەرنامەكانی كات بەسەربردنی كۆریای باشوور، تا سزای لەسێدارەدانیشی هەیە".




وشە - سۆران عەزیز