جەمسەری بەستەڵەكی باشوور كە "ئەنتاتیكتا"یشی پێ دەگووترێ بەوە ناسراوە كە سارد و شاخاویی بەفراوییە، بەم هۆیەوە بە خاكێكی میواندۆست هەژمار ناكرێت بۆ مرۆڤ، هەر بەم هۆیەیشەوە لەم جەمسەرە ساردەدا جگە لە چەند خزمەتگوزارییەكی بچووك و كەمی گواستنەوە بەدی ناكرێت ئەمەیش لە پێناو خزمەتی ئەو رێژە كەمەی دانیشتووانی ناوچەكەیە.
یەكەم: كەشی ساردی سەرسەخت و نزمی پلەكانی گەرما بە رێژەیەكی زۆر و رەشەبای بەهێزی سارد، هۆكارگەلێكن بۆ ئەوەی فڕۆكەكان نەچنە ئەم ناوچە یا ئاسمانی جەمسەری باشوور، چونكە ئەم دۆخە ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم فڕۆكە و تیمەكەی دروست دەكات.
دووەم: دوورەدەستیی شوێنەكە لە ناوچە بازرگانییەكان و هێڵەكانی فڕۆكەوانی یەكێكی ترە بۆ ئەم هۆكارە، هێڵەكانی فڕۆكەوانی بەهۆی ترسیان لە روودانی هەڵەی تەكنیكی فڕۆكەوانی یا پێویستییان بۆ نیشتنەوەی ناچاریی لەناكاو، فڕۆكەكانیان هەڵنافڕێنن لە ئاسمانی ئەم ناوچەیەدا.
سێیەم: بوونی رێژەیەكی كەمی فڕۆكەخانە لە جەمسەرەكە هۆكارێكی ترە بۆ هەڵنەفڕین و گەشت نەكردنی فڕۆكەكان بۆ جەمسەری بەستەڵەكی باشوور، وە جێگەی ئاماژەیە ئەو فڕۆكەخانانەی لەوێ هەن، شیاوی پێشوازیكردن نین لە فڕۆكەكان و پێشكەوتوو نین و زۆربەیان فڕۆكەخانەی زانستی و سەربازین.
چوارەم: ئاڵنگارییە تەكنییەكان هۆكارێكی ترە بە جۆرێك دەستگاكانی بواری ئاسمانی و پێوەندییەكان رووبەڕووی ئالنگاریی گەورە دەبنەوە لە كاركردن لەم ناوچەیە.
پێنجەم: نەبوونی بەهای ئابووری گەشتی ئاسمانیی لە ناوچەكە هۆكارێكی تری سەرەكییە كە فرۆكەكان نەچنە ئاسمانی ناوچەكە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی چڕی دانیشتووان زۆر كەمە لە ناوچەكە یا هەر نییە، كە ئەمەیش وا دەكات هیچ هۆكارێك نەبینرێت بۆ ئەوەی فڕۆكەكان گەشتی ئاسمانیی ئەو ناوچانە بكەن.
كیشوەری بەستەڵەكی باشووری زەوی، ساردترین كیشوەری زەوییە، بە تەواوی بە چینێكی ئەستووری سەهۆڵ داپۆشراوە، دەكەوێتە باشووری گۆی زەوی و بە زەریاكان دەورە دراوە و بە ناوچەیەكی دابڕاوی زەوی هەژمار دەكرێت و بارودۆخێكی كەشوهەوای سەختی هەیە، دانیشتووانی نییە یا ئەگەر هەشبن هەمیشەیی نین و ئەوانەی سەردانی ناوچەكە دەكەن بە مەبەستی گەشتی زانستی و لێكۆڵینەوە لە ژینگە و كەشوهەوا نیشتەجێن لەوێ.