چارەسەرێكی نوێ‌ بۆ شەكرە دۆزرایەوە

:: PM:12:18:12/08/2024 ‌
زانایان چارەسەرێكی نوێیان پەرە پێ داوە كە بە "ئەنسۆلینی زیرەك" ناسراوە، كە وەڵامی گۆڕانی ئاستی شەكر لە خوێندا دەداتەوە لە كاتی پێویستدا، ئەمەش دەتوانێت شۆڕشێك لە چارەسەركردنی نەخۆشانی جۆری یەكەمی شەكرە دروست بكات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەم چارەسەرە ڕەنگە پێویستی بە بەردەوامی دەرزی ئەنسۆلینی ڕۆژانە كەم بكاتەوە، چونكە ڕەنگە نەخۆشەكان لە داهاتوودا تەنیا هەفتەی یەكجار پێویستیان پێی بێت.

"ئەنسۆلینی زیرەك” بەشێوەیەك دروست كراوە كە لە جەستەدا بە خەوتوو بمێنێتەوە و تەنیا لە كاتی پێویستدا چالاك دەبێت، بە پێچەوانەی ئەنسۆلینی ئێستە كە ئاستی شەكری خوێن جێگیر دەكات كاتێك دەچێتە ناو جەستە، بەڵام كاردانەوەی نابێت بەرانبەر گۆڕانكارییەكانی داهاتوو لە ئاستی شەكردا.

ئەم چارەسەرە نوێیە بەهۆی هاوكاریی نێوان توێژەرانی ئەمەریكا و ئوسترالیا و چینەوە بەرهەم هێنراوە، هەروەها بە پشتیوانی دامەزراوەكانی وەك نەخۆشیی شەكرەی بەریتانیا، JDRF و ستیڤ مۆرگان بووە.

تیمەكانی توێژینەوە لە زانكۆكانی ستانفۆرد و مۆناش و ژێجیانگ، هەوڵ دەدەن پەرەپێدانی چارەسەرەكە خێراتر بكەن و بە زووترین كات تاقیكردنەوە كلینیكییەكان دەست پێ بكەن.


وشە - رامیار جەواد