مۆڵەتی شەش مانگ بۆ ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەرچوو

:: AM:08:40:25/06/2020 ‌
وەزیری دارایی و ئابووری، مۆڵەتی شەش مانگی بۆ ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران دەركرد بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ لیژنە پزیشكییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی حوزەیران، لە نووسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بۆ سەرجەم وەزارەتەكان هاتووە، لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتی بەخێوكەریان هەیە و كاتەكەیان تەواو دەبێت، پێویستە كاتەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە بۆ شەش مانگی تر.

بەهۆی ڕەچاوكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمكردنەوەی بەركەوتن
لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، پێویست بە ڕاپۆرتی پزیشكی نوێ‌ ناكات بەهۆی ڕەچاوكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمكردنەوەی بەركەوتن.

بەپێ ئەو نووسراوە بێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا شەش مانگی تر هیچ فەرمانبەرێك پێویست ناكات بۆ مۆڵەتی بەخێوكردن سەردانی لیژنە پزیشكییەكان یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی بكات، مۆڵەتەكە لە وەزارەتەكەی خۆی بۆ ماوەی شەش مانگ بۆی نوێ دەكرێتەوە.

ژمارەیەك لە فەرمانبەران ساڵانە بەهۆی بوونی منداڵی كەمئەندام یان دایك و باوكی بەساڵاچوو، لە لیژنەی پزیشكی شەش مانگ جارێك بڕیاری پێدانی مۆڵەتیان بۆ دەردەچێت تا ئاگەداری ئەو كەسە بن و سەرپەرشتییان بكەن.



وشە - رامیار جەواد