ترێ فاتیح: بەشداریم لە درامای "دوا شەو" یەكەم ئەزموونی نواندنم بوو

:: AM:10:35:25/06/2020 ‌
ترێ فاتیح یەكێكە لەو ژنە ئەكتەرانەی بەشداریی درامای "دوا شەو"ـی كردووە كە لە شەوانی ڕەمەزاندا پەخش كرا. ترێ لەم دیمانەیەی "وشە"دا باس لە دراماكە دەكات و دەڵێت، یەكەم ئەزموونم وەك كاری نواندن، خۆم لەم درامایەدا بینی كە كارەكتەرێكی سەربە كێشەم و ڕۆڵی هێلان دەبینم.

ئاشنایەتیت لەگەڵ هونەر و كاری نواندن بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەر بەشێوەیەكی گشتی ساڵانێكە، واتە لە تەمەنێكی كەمەوە ئاشنایەتیم بە هونەر و كاری هونەریی پەیدا كردووە، بەڵام وەك ئەكادیمیا ماوەی سێ ساڵە لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان لە بەشی "شێوەكاری - گرافیك و دیزاین" دەخوێنم. یەكەم بەشداریم و چوونە بەردەم كامێرا، ساڵێك پێش ئێستە بوو لە ڤیدیۆ كلیپێكدا بۆ ژنە هونەرمەند "پەرواز حوسێن" كە بە زمانی عەرەبی بەرهەمەكەی بڵاو كردەوە، لە ڤیدیۆ كلیپەكەدا وەك كچێكی "گوڵفرۆش" ڕۆڵم بینی.

درامای "دوا شەو" یەكەم ئەزموونت بووە وەك نواندن یان پێشتریش ئەزموونت لە بوارەكەدا هەبووە؟
بەڵێ درامای "دوا شەو" یەكەم ئەزموونی منە كە بەهۆیەوە توانیبێتم هەست بە توانای نواندن بكەم لە خۆمدا. لە دراماكەدا ڕۆڵی كارەكتەر "هێلان" دەبینم كە كارەكتەرێكی سەربە كێشەیە.

نیازت هەیە لە داهاتوودا بەشداریی كاری تری نواندن بكەی؟
بەپێی كار و بارودۆخی كاتەكە ئەگەر پڕۆژەی ترم بۆ بێتە پێش بەشداری دەكەم، جا سینەمایی یان دراما بێت.

وەك یەكەم ئەزموونی نواندنت، تا چەند لەو ڕۆڵەی بینیت ڕازی بووی؟
خۆم ناتوانم بڕیاری ئەوە بدەم لە ڕۆڵی خۆم ڕازی بووم یان نا، پێویستە بینەر وەڵام بداتەوە و بڕیاری لەسەر بدات، بێگومان هیچ شتێك ڕەش یان سپی نییە، لە دنیایەكی ڕەساسیدا دەژین، هەموو شتێك ڕێژەییە و ڕێژەكە خۆی بڕیار دەدات.

هەموو كارێك لە سنوورێكی ئاسایی و كولتووری و كۆمەڵایەتیدا دەكەم

ئەگەر لە پڕۆژەیەكی سینەمایی یان دراماییدا هەندێك دیمەنی ڕۆمانسی تێدا بێت، بەشداری دەكەیت؟
بوونی دیمەنی ڕۆمانسی لە پڕۆژەیەكی وادا، چ خۆشەویستی بێت یان ڕق، هەردووكیان نواندنن و پێویستە بەرجەستەی هەستەكە لە توانای ئەكتەردا هەبێت، بەڵام هەموو كارێك لە سنوورێكی ئاسایی و كولتووری و كۆمەڵایەتیدا دەكەم، چونكە لە كۆتادا ئێمە كار بۆ بینەر دەكەین.

جگە لە نواندن شارەزاییت لە چ پیشەیەكی تر هەیە؟
شارەزاییم لە هونەری شێوەكاری و فۆتۆگرافی و كۆمیك و مەیك-ئەپی سینەمایی هەیە، هەروەها كارم لە چەند بوارێكی تری هونەری كردووە جگە لە نواندن، چونكە وەك ئاماژەم پێ دا لە شێوەكاری بۆ گرافیك و دیزاین دەخوێنم.

تابلۆی شێوەكاریت هەیە؟
بێگومان چەندان تابلۆی شێوەكاریم كێشاوە و زۆربەیانم لە سۆشیال میدیا خستووەتە ڕوو، تابلۆكانم جۆراوجۆرن و هەریەكە گوزارشت لە بابەتێكی جیاواز دەكات.

وشە/ محەمەد جەمال


وشە - سلێمان تاشان