مامۆستایەکی تری ئاینی بە کۆرۆنا گیانی لە دەست دا

:: AM:11:39:25/06/2020 ‌
مامۆستایەكی ئاینی لە شارۆکەی پێنجوێن بە كۆرۆنا گیانی لە دەست دا، بەمەیش بووە دووەمین مامۆستای ئاینی کە بەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان گیان لە دەست بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی حوزەیران، تووشبوویەكی تری كۆرۆنا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی  بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا كە مامۆستایەكی ئاینییە و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتە.

بە هۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە ماوەی چەند ڕۆژێك لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد بوو
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، ئەو مامۆستایە ناوی عەبدولەتیفە و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی قازی محەمەدە لە پێنجوێن، لە 18ـی حوزەیران دەركەوتووە تووشی كۆرۆنا بووە.

مەلا عەبدولەتیف پێنجوێنی بە هۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە ماوەی چەند ڕۆژێك لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد بوو، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لە دەست دا.

یەكەم حاڵەتی مردن لە هەرێمی كوردستان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری سلێمانی بوو كە مامۆستایەكی ئاینی بوو، تا ئێستە نزیکەی 150 کەس بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد