رێكخراوی تەندروستی جیهانیی 10%ی بودجەی دژی كۆرۆنا لە بەردەستە

:: AM:10:56:27/06/2020 ‌
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی تەنیا یەك لەسەر 10ی بودجەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای كۆ كردووەتەوە و هۆشداری دەدا ئەگەر بودجەی پێویست دابین نەكرێ، قوربانییەكان زۆر زیاتر بن.

رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بڵاوی كردەوە، هەنگاوە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرچی زووتر بەرهەمهێنانی دەرمان و پێكوتەی كۆرۆنا و دەستپێڕاگەیشتن بە تێستی كۆرۆنا، پێویستی بە 31 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2021 خەرج بكرێت.

وڵاتانی پاڵپشتیكاری رێكخراوەكە تا ئێستە توانیویانە سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار دابین بكەن بۆ ئەم رێكخراوە كە یەك لەسەر 10ی كۆی بودجەكەیە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا بڕیارە ئەمڕۆ شەموو لە برۆكسل، رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بە ئامانجی كۆكردنەوەی پاڵپشتیی دارایی كۆبوونەوەیەك رێك بخات.
خەرجكردنی دەیان ملیار دۆلار زۆر باشترە لەوە لە داهاتوودا ناچار بن هەزاران ملیار دۆلار خەرج بكەن.

نوێنەری رێكخراوەكە گوتوویەتی، ئەگەر زوو دەستبەكار نەبن، ئەوا قوربانییەكانی كۆرۆنا لە دنیادا زۆر زیاتر دەبن و خەرجكردنی دەیان ملیار دۆلار زۆر باشترە لەوە لە داهاتوودا ناچار بن هەزاران ملیار دۆلار خەرج بكەن.

پێویستە بگوترێ نزیكەی 10 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی دنیا تووشی كۆرۆنا بوون و ڤایرۆسەكەش رۆژ نییە 100 هەزار كەسی نوێ تووش نەكات و بە هەزار كەس بەهۆیەوە نەمرن.

پێشبینی دەكرێ لە كۆتایی ئەمساڵدا پێكوتەی كۆرۆنا بكەوێتە بازاڕ و پلانی رێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئەوەیە دانیشتووانی زەوی بێ بەرانبەر بكوترێن.


وشە - سلێمان تاشان