پسپۆڕانی دنیا پێیان وایه، ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك ده‌مێنێته‌وه و ئه‌گه‌ری هه‌یه له‌ڕێی جلوبه‌رگ و پێڵاوه‌وه بگوازرێته‌وه، بۆیه داوای پاكوخاوێنی ده‌كه‌ن، كه‌رتی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به باشترین شێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن.
ماڵپه‌ڕی
healthlineـی تایبه‌ت به هه‌واڵی ته‌ندروستی كه ماوه‌یه‌كه به‌رده‌وام هه‌واڵ و زانیاریی نوێ له‌باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه بڵاو ده‌كاته‌وه، له ڕاپۆرتێكدا باس له ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له‌ڕێی جل و پێڵاو بۆ ناو ماڵه‌كانه‌وه ده‌كات. "وشه”ش پزیشكێكی له‌باره‌ی چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی كه‌رتی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جل و پێڵاوه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی وه‌رگرت.
وای دانێ بۆ كڕینی پێویستیی ڕۆژانه سه‌ردانی دوكانێكی سه‌وزه و میوه ده‌كه‌یت، كه گه‌ڕایته‌وه سه‌ره‌تا ده‌سته‌كانت ده‌شۆیت، ده‌ستكێش و ده‌مامكه‌كه‌ت فڕێ ده‌ده‌یت و ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كڕیوته ده‌یانشۆیت، به‌ڵام چی ئه‌گه‌ر ڤایرۆسه‌كه له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه بۆ پێڵاوه‌كه‌ت و له‌وێشه‌وه بۆ ناو ماڵه‌كه‌ت بگوازیته‌وه. ئه‌ی چی ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر جله‌كانته‌وه نووسابێت.
هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه كه شاره‌زایان هۆكاره‌كه‌ی بۆ جل یان پێڵاوی ڤایرۆساوی بگه‌ڕێننه‌وه
زۆر شت هه‌یه كه‌م كه‌س له‌باره‌ی ڤایرۆسه‌كه‌وه ده‌یزانن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ماڵپه‌ڕه‌كه لێدوانی دكتۆر ڤینسێنت هسو پزیشكی پسپۆڕ له نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرا له وڵاتی فلۆریدایان وه‌رگرتووه، به‌پێی قسه‌ی ئه‌و پزیشكه، تا ئێسته هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه كه شاره‌زایان هۆكاره‌كه‌ی بۆ جل یان پێڵاوی ڤایرۆساوی بگه‌ڕێننه‌وه.
گواستنه‌وه‌ی ده‌نكۆڵه‌كانی پژمین و كۆكه له كه‌سی تووشبووه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، باوترین هۆكاری تووشبوون به نه‌خۆشیی ڤایرۆسیی كۆرۆنا و جۆره‌كانی تری نه‌خۆشییه گوازراوه‌كانه، به‌ڵام پسپۆڕان ده‌ڵێن، ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌وه جیا ده‌كرێته‌وه كه ده‌توانێ بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته بمێنێته‌وه و كاریگه‌ریی بمێنێ.
دكتۆره كاسلین جۆردن پسپۆڕی نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان ده‌ڵێ، ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوه‌ی دوو بۆ سێ ڕۆژ له‌سه‌ر كانزا و پلاستیكه‌كان ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی جله‌كانمان ئه‌و مادانه‌ی تێدا نییه و به گشتیی له قوماش پێكهاتوون، بێگومان ڤایرۆسه‌كه له‌سه‌ری ناوه‌ستێ و نابێته هۆی تووشبوونی كه‌س. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پسپۆڕان هه‌ر شووشتنی ڕاسته‌وخۆی جله‌كان له‌دوای هاتنه‌وه له شوێنی قه‌ره‌باڵغ به كارێكی باش ده‌زانن.
كه‌ی جله‌كانت بشۆی؟ به چی؟
ئه‌و كه‌سانه‌ی له كه‌رتی ته‌ندروستی كار ده‌كه‌ن و له تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیك ده‌بنه‌وه، پێویسته ڕاسته‌وخۆ جله‌كانیان بشۆن، ئه‌گه‌ر بكرێ تا جله‌كانیان ده‌شۆن له هیچ كه‌سێك نزیك نه‌بنه‌وه و به‌شی سه‌ره‌وه‌ی جلوبه‌رگه‌كانیشیان له نه‌خۆشخانه و پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه ماڵه‌وه بگۆڕن.
له‌باره‌ی به‌كارهێنانی پاككه‌ره‌وه‌ی تایبه‌تیش پزیشكه‌كان ده‌ڵێن، ڕاسته زۆر پاككه‌ره‌وه‌ی دژه ڤایرۆس و پڕ له ماده‌ی كحوول هه‌ن و گونجاون بۆ له‌ناوبردنی ڤایرۆس، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و تایت و سابوونه‌ی ڕۆژانه‌ش جلی پێ ده‌شۆرێت ده‌توانێ ڤایرۆسه‌كه له‌ناو ببات و جله‌كان له هه‌موو جۆره ڤایرۆس و پیسییه‌ك پاك بكاته‌وه.
ڤایرۆسه‌كه به پێڵاوه‌كانه‌وه ده‌نووسێت
پێڵاو و گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه:
له‌به‌رئه‌وه‌ی پێڵاو ئه‌و شته‌یه كه به هه‌موو شوێنێكدا ده‌چێت و به‌ر له هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناش وه‌ك شتێكی پیس مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا، پێویسته هه‌موومان له‌وه دڵنیا بین كه هۆكاره بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌كتریا و میكرۆب و پیسیی سه‌ر شه‌قامه‌كان و نابێ ببرێته ژووره‌وه‌ی ماڵه‌كان و له‌سه‌ر جێ و شوێنی نانخواردن نزیك بكرێته‌وه.
توێژه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وێت كه ڤایرۆسی كۆرۆنا له پێڵاوه‌وه ده‌گوازرێته‌وه یان نا، له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه توێژینه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر پێڵاوی پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌كانی ووهانی چین كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند نموونه‌یه‌كیان له پێڵاوه‌كان وه‌رگرت و بۆیان ده‌ركه‌وت ڤایرۆسه‌كه به پێڵاوه‌كانه‌وه ده‌نووسێت و ده‌بێته هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه و مه‌ترسیی هه‌یه.
وه‌ك له سه‌ره‌تاوه باس كرا، پێڵاو و نه‌عله‌كان هه‌میشه وه‌ك شتێكی پیس مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه و زۆر به ده‌گمه‌ن نه‌بێ له وڵاتان نه‌ریت نییه ببرێنه ژووره‌وه‌ی ماڵ و ژووری نووستن و ژووری نانخواردن، له‌به‌رئه‌وه پسپۆڕان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر وه‌ك پێشتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێڵاوه‌كان بكه‌ین و له ده‌ره‌وه به‌جێیان بهێڵین، سه‌لامه‌ت ده‌بین.
پێڵاوه‌كان له‌و مادانه دروست ده‌كرێن كه ڤایرۆسیان له‌سه‌ر ده‌نیشێ، له‌به‌رئه‌وه باشتره له‌دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، پێڵاو به‌جوانی بشۆرێ و له ده‌ره‌وه به‌جێ بهێڵرێ تا به ته‌واوی وشك ده‌بێته‌وه، یانیش به كحوول ده‌رمانڕێژ بكرێت و تا ماوه‌یه‌ك نه‌برێته ناو شوقه و ژووره‌وه‌ی ماڵه‌كانه‌وه.
هه‌ر كاتێك لای نه‌خۆش دێینه‌وه ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كان بێجگه له چاویلكه و پێڵاوه‌كه فڕێ ده‌ده‌ین
پزیشك و كارمه‌ندانی كه‌رتی ته‌ندروستی له كوردستان چی له جل و پێڵاوه‌كانیان ده‌كه‌ن؟
د. عه‌لی به‌رزنجی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو له نه‌خۆشخانه‌ی ئیماراتیی هه‌ولێر كه تایبه‌ت كراوه به تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا به "وشه”ی گوت، ئێمه پێش بینینی نه‌خۆش جۆره جل، ده‌مامك، كڵاو و پێڵاو و چاویلكه‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنین كه ڕێگری له گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه ده‌كات، هه‌ر كاتێكیش لای نه‌خۆش دێینه‌وه ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كان بێجگه له چاویلكه و پێڵاوه‌كه فڕێ ده‌ده‌ین، له‌باره‌ی ئه‌و دووه‌ش به چه‌ند ماده‌یه‌كی باش پاك ده‌كرێنه‌وه و دوای وشكبوونه‌وه جارێكی تر به‌كار دێنه‌وه.
ئه‌و پزیشكه ڕوونی كرده‌وه، هه‌رچه‌نده ئێمه كاتێك سه‌ردانی نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ین، به گرووپ سه‌یریان ده‌كه‌ین نه‌ك تاك تاك، به‌ڵام له نێوان هه‌ر نه‌خۆشێكدا، هه‌موو ده‌ستكێش و جله‌كانمان به لیمۆنفرێش و كحوول پاك ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه خۆمان و ده‌وروبه‌ر له تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه بپارێزین.
"وشه” پێوه‌ندیی به د. بۆتان عه‌بدولقادر به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریی هه‌ولێر كرد تا بزانێ كارمه‌ندانی ته‌ندروستیی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام گوتی، ئه‌و بابه‌ته پێوه‌ندیی به ئه‌وه‌وه نییه و قسه له‌گه‌ڵ پزیشكێكی پسپۆڕی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان بكه‌ن، پزیشكه‌كه‌ش كه د. لیندا بوو، وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه.
دوا ئامار:
به‌پێی دوا ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا كه له
worldometers بڵاو كراوه‌ته‌وه، تا ئێسته نۆ ملیۆن و 919 هه‌زار و 509 كه‌س له ته‌واوی دنیادا تووشی كۆرۆنا بوون؛ هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و داتایه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه، تا ئێسته پێنج هه‌زار و 187 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه بوون و له‌ناویشیاندا هه‌زار و 600 كه‌س چاره‌سه‌ر كراون و ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌كانیان كراونه‌ته‌وه و 167 كه‌سیش گیانیان له ده‌ست داوه.