لە گەڕەكێكی سلێمانی چەند پیاوێك دەستدرێژی دەكەنە سەر منداڵێكی تەمەن 10 ساڵ

:: PM:03:54:27/06/2020 ‌
لە یەكێك لە گەڕەكەكانی  شاری سلێمانی، كچێكی تەمەن 10 ساڵان لەلایەن چەند پیاوێك دەستدرێژیی دەكرێتەسەر، منداڵێكە خاوەن دایكێكی نەخۆشە و بەرپرسانی ئەو شارەش ڕووداوەكە پشتڕاست دەكەنەوە.

لەنجە خاوی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بڵاوی كردووەتەوە، لە یەكێك لە گەڕەكەكانی  شاری سلێمانی، كچێكی بچكۆلانەی تەمەن 10 ساڵان لەلایەن چەند پیاوێك دەستدرێژیی دەكرێتەسەر، خاوەن دایكێكی نەخۆشە و چەند جارێك لەلایەن هەندێك پیاوی نابەرپرس و نەخۆشەوە دەستدرێژیی كراوەتە سەر و دەستی بۆ براوە. 

بانگی كردووەتە ماڵەوە بەبیانووی ئەوەی تەلەڤزیۆنەكەی بۆ چاك بكات، چەندان قسەی پێ گوتووە و دەستی لە سنگ و سمتی كچە بچكۆلانەكە داوە
ئەو منداڵە بۆ ئەو چالاكە دەڵێت، لەو ڕۆژانە پیاوێكی ناو كۆڵانەكەیان بانگی كردووەتە ماڵەوە بەبیانووی ئەوەی تەلەڤزیۆنەكەی بۆ چاك بكات، چەندان قسەی پێ گوتووە و دەستی لە سنگ و سمتی كچە بچكۆلانەكە داوە. 

لەنجە باس لەوەش دەكات، چووم بۆ لای  ئەو پیاوەی كە ئەو كارە قێزەونەی كردووە بەرانبەر كچە بچكۆلانەكە، كە دراوسێكانی پێشتر هیچیان نەیانوێرابوو لەگەڵ ئەم پیاوە قسە بكەن، بەڵام ئەمڕۆ چووم و بەرەوڕووی  پێم گوت كە دەزانم چ جۆرە قسەیەكت لەگەڵ ئەو كچە كردووە و چیت بەرانبەر كردووە. تێم گەیاند كە هێنانە ماڵەوەی منداڵێكی كچ بەهەر بیانوویەك بێت، دەكرێت بتخاتە گۆشەی گرتووخانە. 

عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی‌ لەلایەن‌ ژمارەیەك لە چالاكی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و دەزگای‌ ڕاگەیاندن لە‌ كێشەی‌ منداڵێكی‌ تەمەن 10 ساڵان لە سلێمانی‌ ئاگەدار كراین و ئێمەیش بەداواچوونمان بۆ كرد. 

بەڕێوەبەری گشتی گوتی، ئەمڕۆ شەموو توێژەرانمان لە بەشی‌ پارێزگاری‌ خێزان لە دیوانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی ‌‌و بەڕێوەبەرایەتی‌ چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی،‌ سەردانی‌ ئەو خێزانەیان كردووە، پاش تێگەیشتن و تاوتوێكردنی‌ كێشەكە، بڕیار درا ئەو منداڵە لەو ژینگەیەی‌ تێیدا دەژی‌ دوور بخرێتەوە.

ئەوەشی ڕوون كردەوە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئێستە منداڵەكە لە ماڵی‌ نەوجەوانانی‌‌ كچان حەوێنراوەتەوە، پاشان بەدواداچوونی‌ لایەنی‌ تەندروستی‌ منداڵەكە دەكرێت ‌و خزمەتگوزاریی‌‌ دەروونی‌‌ و كۆمەڵایەتیی‌ پێشكەش دەكرێت، بەهاوكاری‌ دادگای‌ نەوجەوانان، بەدواداچوونی‌ لایەنی‌ یاسایی‌ دۆسیەكە دەكەین، لە ئایندەشدا هەوڵ دەدەین بە لەبەرچاوگرتنی‌ بەرژەوەندیی‌ باڵای‌ منداڵەكە و پاراستنی‌ چوارچێوەی‌ خێزان‌، چارەسەری‌ تر بدۆزینەوە.



وشە - رامیار جەواد