ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا 10 ملیۆن و قوربانیانیش نیو ملیۆن تۆمار دەكات

:: PM:04:58:27/06/2020 ‌
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە زیادبووندایە و هەرچەند هەندێك وڵاتی دنیا توانیویانە بڵاوبوونەوەی كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام هێشتا رۆژانە خەڵكێكی زۆر تووش دەبن و ژمارەیەكی زۆریش گیان دەسپێرن و بە گشتی نیو ملیۆن كەس بە كۆرۆنا مردوون.
497 هەزار و 609 كەس گیانیان لە دەست داوە

بەگوێرەی worldometers  ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا خەریكە دەگاتە 10 ملیۆن، ئەمڕۆ شەموو 27ی حوزەیران گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و 939 هەزار و 521 كەس. هاوكات 497 هەزار و 609 كەس گیانیان لە دەست داوە و لەوانەیە لە چەند سەعاتی داهاتوودا نیو ملیۆن تۆمار بكات.

لەكۆی ئەو ژمارانەی ئاماژەیان پێ كرا، پێنج ملیۆن و 386 هەزار و 233 كەس چاك بوونەتەوە كە دەكاتە سەرووی نیوەی تووشبووان و هێشتا چوار ملیۆن و 55 هەزار كەس پێویستیان بە چاودێری پزیشكی هەیە.

 تەنیا لە رۆژی 26ی حوزەیراندا سەرووی 196 هەزار كەس لە دنیادا تووشی كۆرۆنا بوون كە زۆرترین ژمارەیە لە یەك رۆژدا تۆمار كرابێت، هەر لەو رۆژەدا نزیكەی چوار هەزار و 900 كەس گیانیان لە دەست دا.

لە 17ی نیسانی ئەمساڵ زۆرترین حاڵەتی مردن لە یەك رۆژدا تۆمار كرا كە هەشت هەزار و 470 كەس بوو، هەرچەندە رەوتی گیان لەدەستدان بە رێژەی 50% دابەزیوە، بەڵام دیسان ئەو ژمارەیەی تۆمار دەكرێت بەرچاوە.
ئەمەریكا بە دوو ملیۆن و 553 هەزار حاڵەت، چارەگی كۆی تووشبووانی دنیای بەركەوتووە

ئەمەریكا بە دوو ملیۆن و 553 هەزار حاڵەت، چارەگی كۆی تووشبووانی دنیای بەركەوتووە، 127 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە كە دیسان سەرووی یەك لەسەر چواری كۆی قوربانیانی دنیایە.

بەرازیل بە ملیۆنێك و 280 هەزار كەس و رووسیا بە 627 هەزار تووشبوو لە پلەكانی دووەم و سێیەمدا دێن.

هەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبووانی گەیشتووەتە پێنج هەزار و 185 كەس كە لەو ژمارەیە 311 كەس گیانیان لە دەست داوە، هەزار و 600 كەسیش چاك بوونەتەوە.

لە عێراقدا 41 هەزار و 193 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و هەزار و 559 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - سلێمان تاشان