ئه‌ندامێكی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، قه‌واره‌ی هه‌رێم به سێ وڵات هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه، سۆران عومه‌ر چییه تا ئه‌و قسه‌یه بكات. ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه ده‌بێ كه‌سی پاك ببێته په‌رله‌مانتار.
قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به عێراق و توركیا و ئێران هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه، سۆران عومه‌ر چییه تا ده‌ست بۆ بابه‌تێكی له‌و شێوه‌یه ببات
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی حوزه‌یران، محه‌مه‌د وه‌تمان ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، سۆران عومه‌ر ته‌نیا قسه بۆ خۆی ده‌كات و كه‌س گوێی لێ ناگرێت، ئه‌و نوێنه‌ری ئه‌و هه‌موو ماڵه شه‌هیده نییه كه له پێناو قه‌واره‌ی هه‌رێم خوێنی خۆیان به‌خت كردووه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به چه‌ندان ساڵ و به به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان هاتووه‌ته به‌رهه‌م و به قسه‌ی سۆران عومه‌ر هه‌ڵناوه‌شێته‌وه، سۆران با هه‌ر خه‌ریك بێ بۆ خۆی و بۆ دڵخۆشی خۆی قسه بكات، هه‌رێمی كوردستان موڵكی هه‌مووانه.
"ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێ داوه ده‌بێ بزانن ئه‌وه نوێنه‌ره‌كه‌یانه به‌و شێوه‌یه قسه ده‌كات، ده‌بێت كه‌سی پاك و خاوه‌ن ئه‌زموون ببێته په‌رله‌مانتار و ئه‌وانه‌ی بۆ په‌رله‌مان دێنه هه‌ڵبژاردن ده‌بێت كه‌سی پاك بن، ئه‌و جۆره لێدوانانه ده‌بن به پێشینه‌ی خراپ بۆ كه‌سه‌كه". محه‌مه‌د وه‌تمان وای گوت
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی دووپاتی ده‌كاته‌وه، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به عێراق و توركیا و ئێران هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه، ئێسته سۆران عومه‌ر چییه تا ده‌ست بۆ بابه‌تێكی له‌و شێوه‌یه ببات، ئه‌گه‌ر قسه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش بكات كه‌س گوێی لێ ناگرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی