بایكۆتكردنی رێكلام 76 ملیۆن دۆلاری زیان بە فەیسبووك گەیاند

:: AM:11:47:28/06/2020 ‌
كۆمەڵێك كۆمپانیای بەناوبانگ بایكۆتی ئەوەیان كردووە چیتر لە رێی فەیسبووك رێكلام بۆ بەرهەمەكانیان بكەن و ئەمەش زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری بە فەیسبووك گەیاندووە.

هەریەك لە كۆمپانیاكانی كۆكاكۆلا، هۆندا، ئانیلۆر، چۆكلێتی "هێرشی" هەموو جۆرە رێكلامێكی بەرهەمەكانیان لە فەیسبووك وەستاند، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر ئەو یاسا لاوازانەی لە فەیسبووك هەیە و نەیتوانیوە رق و كینە كەم بكاتەوە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای pathmatics سەرەڕای ئەوەی كە بازنەی بازاڕی رێكلامی فەیسبووك زۆر بەرفراوانە، بەڵام دیسان بایكۆتی هەندێك كۆمپانیا كاریگەریی بەرچاوی لەسەر زیان گەیاندن بە فەیسبووك هەبووە و دەگوترێ زیانەكان سەرووی 76 ملیۆن دۆلارن.

ئەگەر هەریەك لە كۆمپانیاكانی پرۆكتێر و گەمبڵ هاوشێوەی كۆكاكۆلا رێكلامەكانیان بوەستێنن، ئەوا زیانی گەیشتوو بە فەیسبووك بۆ 255 ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە.

پسپۆڕانی بازاڕ پێشبینی دەكەن 56 ملیار دۆلار لە بەهای فەیسبووك كەم ببێتەوە
بەگوێرەی مێهرنیوز پسپۆڕانی بازاڕ پێشبینی دەكەن 56 ملیار دۆلار لە بەهای فەیسبووك كەم ببێتەوە و لەوانەشە زیانەكە كاتێك نەمێنێت كە كۆمپانیای فەیسبووك لەسەر پرسی توندوتیژی یاسای نوێ و توند دەربكات.

یەكێك لە گرنگترین داهاتەكانی كۆمپانیای فەیسبووك لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەی دایمەزراندووە، لەو رێكلامانەیە كە بە مەبەستی جیاوازی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری بڵاو دەبنەوە .



وشە - سلێمان تاشان