دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له بڵاو نه‌كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نوێ، دواجار له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام، هونه‌رمه‌ند ئاریاس نوێترین به‌رهه‌می خۆی به‌ناوی "من دڵنیام"ی بڵاو كرده‌وه.
ئه‌م به‌رهه‌مه تازه‌یه‌م ده‌بێته ئه‌رشیڤێك بۆ داهاتووی موزیكی كوردی
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 29ی حوزه‌یران، گۆرانیبێژ ئاریاس جه‌ڤان له‌باره‌ی به‌رهه‌مێكی نوێی به‌ناوی "من دڵنیام" به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌م به‌رهه‌مه تازه‌یه‌م ده‌بێته ئه‌رشیڤێك بۆ داهاتووی موزیكی كوردی، تێكستی گۆرانییه‌كه له‌لایه‌ن خۆمه‌وه نووسراوه، دابه‌شكردنی موزیك له‌لایه‌ن شه‌رڤین مووسا كراوه، محه‌مه‌د باز كاری ده‌رهێنانی بۆ ئه‌نجام داوه، خۆیشم وه‌ك ئه‌كته‌ر له كلیپه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووم".
زیاتر گوتی، "له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌وه كه ده‌ڵێم ده‌بێته ئه‌رشیڤ بۆ داهاتووی موزیكی كوردی، ئه‌وه قسه‌ی من نییه به‌ڵكو هی هه‌مووتان ده‌بێت، وه‌سفكردنیش نییه، ته‌نیا ڕاستییه‌كه كه خۆتان ده‌یبینن".
ڕوونی كرده‌وه، "له داهاتوودا ئه‌لبوومی 12 12 كه به‌ڵێنم پێ دابوون بڵاو ده‌بێته‌وه، چه‌ند به‌رهه‌مێكی بڵاو نه‌كراوه و چه‌ند به‌رهه‌می بڵاوكراوه له خۆ ده‌گرێت، ده‌مه‌وێ ئه‌م ئه‌لبوومه به شێوازێكی دیجیتاڵ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك (Spotify, itunes, deezer, youtube) دابنێن به شێوازێكی پڕۆفیشناڵ و جیهانی، هاووڵاتییان له‌وێوه ده‌ستیان بكه‌وێت".
ئاریاس جاڤان خه‌ڵكی شاری مهاباده، ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌ستی به كاری هونه‌ری كردووه و چه‌ندان به‌رهه‌می هونه‌ری هه‌یه، له به‌شێك له شاره‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كۆنسێرتی ئه‌نجام داوه و خاوه‌نی هه‌وادارێكی زۆره.