چین 400 هەزار كەسی كەرەنتین كرد

:: PM:12:37:29/06/2020 ‌
چین یەكەم وڵات بوو كۆرۆنا تێیدا سەری هەڵدا و یەكەم وڵاتیش بوو سەركەوتن بەسەر كۆرۆنای راگەیاند. شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە چین دەستی پێ كردووە و حكوومەتیش بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی 400 هەزار كەسی كەرەنتین كرد.

پارێزگای هیئی كەوتووەتە نزیك پەكینی پایتەخت و لەمدواییانەدا 18 حاڵەتی نوێی تووشتبوون بە كۆرۆنا لەم پارێزگایە راگەیەنراوە، بۆیەش 400 هەزار لە دانیشتووانی یەكێك لە شارەكانی پارێزگاكە كەرەنتین كرا.

بەگوێرەی ئەم بڕیارە نوێیەی بەسەر ئەم شارەدا سەپاوە، هیچ كەسێك بۆی نییە لە ماڵەكەی بێتە دەرەوە و لە ماوەی 24 سەعاتدا دەبێ تەنیا یەك كەس بچیتە دەرەوە و لە نزیكترین شوێن پێداویستییەكان دابین بكات و بگەڕێتەوە.

حكوومەتی چین لەم شارە هەمان رێوشوێن دووبارە دەكاتەوە كە لە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لە وڵات جێبەجێی كردبوو و توانیبووی بەسەر كۆرۆنادا سەربكەوێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا پشكنینی بۆ 76 هەزار كەس كردووە.

 لە پەكینی پایتەختیش حكوومەت بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا نەماوە، 193 شوێنی دیاری كردووە بۆ وەرگرتنی پشكنین و لە دوو رۆژی رابردوودا پشكنینی بۆ 76 هەزار كەس كردووە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا بەرپرسانی چین دەڵێن رێوشوێنی وەك كەرەنتین، پۆشینی دەمامك و پلانی دووركەوتنەوەی هاووڵاتییان لە یەكتر هۆكاری سەرەكی بووە لە زاڵبوونیان بەسەر كۆرۆنا.

هەرچەندە زۆر لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان گومانیان لەو ئامارانە هەیە چین بڵاویان دەكاتەوە، بەڵام حكوومەتی چین خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت.



وشە - سلێمان تاشان