لە ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا دۆخی هەرێمی كوردستان لە 147 وڵات خراپترە

:: PM:02:50:29/06/2020 ‌
لە ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا هەرێمی كوردستان لە 215 وڵات و هەرێمی سەربەخۆی جیهان پلەی 68ی هەیە. ئەوەش بەو واتایە دێت 147 وڵاتی دنیا  لە رووی ژمارەی قوربانیان دۆخیان لە هی كوردستان باشترە و قوربانیی كەمتریان هەبووە و 67 وڵات و هەرێمی دنیا زیاتر لە هەرێمی كوردستان خەڵكیان بەهۆی كۆرۆنا مردوون.
ئەمەریكا بە پلەی یەكەم بەرازیل و بەریتانیا بە پلەكانی دووەم و سێیەم دێن

لە ژمارەی قوربانیانی دنیا بەهۆی كۆرۆنا ئەمەریكا بە پلەی یەكەم بەرازیل و بەریتانیا بە پلەكانی دووەم و سێیەم ئێران بە پلەی نۆیەم، عێراق بە پلەی 28  و هەرێمی كوردستان بە پلەی 68ی وڵات و هەرێمەكانی دنیا دێت.

لە worldometers  ئاماری بڵاوبوونەوەی 215 وڵاتی سەربەخۆ و هەرێمی دنیا بڵاو كراوەتەوە  و لە ناو ئەم وڵاتانەش ئەمەریكا زۆرترین حاڵەتی مردن بەهۆی كۆرۆنای هەبووە.

 ژمارەی گشتیی قوربانیانی كۆرۆنا لەو 10 ملیۆن و 267 هەزار تووشبووە گەیشتووەتە 504 هەزار و 779 كەس. لە ئەمەریكا 128 هەزار و 437 كەس گیانیان لە دەست داوە. بەرازیل بە 57 هەزار و 658 كەس و بەریتانیا بە 43 هەزار و 550 كەس لە پلەكانی دووەم و سێیەمدا دێن.

ئیتالیا بە 34 هەزار قوربانی، فڕەنسا بە 29 هەزار قوربانی، ئیسپانیا بە 28 هەزار كەس. مەكسیك بە 26 هەزار كەس  لە پلەكانی دواتردا دێن.

37 وڵاتی دنیا سەرووی هەزار قوربانییان هەبووە.
لە ئێران سەرووی 10 هەزار كەس بە كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و بە گشتی 37 وڵاتی دنیا سەرووی هەزار قوربانییان هەبووە.

سەرووی 165 وڵاتی دنیا كەمتر لە 500 قوربانییان هەبووە. 131 وڵاتی دنیا كەمتر لە 100 قوربانیان هەبووە. لە 30 وڵات و هەرێمی دنیاش هیچ حاڵەتێكی مردن بە هۆی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە.

ئێریتریا، كەمبودیا، فیجی، ڤاتیكان، ئەنگۆلا، لائۆس، بۆتان، نامبیا و كۆمەڵێك وڵاتی تر كە ناوەكانیان زۆر ناسراو نین و هەندێكیان دوورگەن، هیچ قوربانییەكیان لێ تۆمار نەكراوە.

هەرێمی كوردستان هەرچەندە لە ناو ئەم لیستەی سەرچاوەكە ناوی نییە و لەگەڵ عێراق ئامارەكەی باس كراوە، ئەگەر بەتەنیا بخرێتە ناو ریزبەندییەكە، ئەوا لە تۆماركردنی ژمارەی قوربانیان دەكەوێتە ریزبەندی 68ەمین وڵاتی دنیا و لە دوای یۆنان دێت كە 191 قوربانی هەبووە و سێ هەزار و 376 كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

لە هەرێمی كوردستان 186 كەس گیانیان لە دەست داوە.
لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و 672 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 186 كەس گیانیان لە دەست داوە.

عێراق لە پلەی 28دایە كە هەزار و 756 كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا مردوون و سەرووی 45 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.


وشە - سلێمان تاشان