كوتەبێژی عەسائیب: گیراوانی حزبوڵا ئازاد كراون

:: PM:04:05:29/06/2020 ‌

دوای ئەوەی درەنگانێكی شەوی پێنجشەمی رابردوو، هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە ناوچەی دۆرە لە نزیك بەغدا 14 ئەندامی كەتیبەكانی حزبوڵایان بە دوو سەكۆی هەڵدانی مووشەكەوە گرت كە سەرقاڵی ئەنجامدانی هێرش بوون بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و باڵوێزخانەی ئەمەریكا، بەرپرسێكی عەسائیب رای گەیاند كە ئەوان ئازاد كراون.
لە لێكۆڵینەوە هیچیان لەسەر نەسەلمێنرا
مەحموود روبەیعی، گوتەبێژ بەناوی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق، كە قەیس خزعەلی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ دووشەم لە تویتێك نووسیویەتی، مژە دەدەینە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەوەی برایانتان لە لیوای 45ی حەشد كە بەر لە چەند رۆژێك گیرابوون، دوای ئەوەی لە لێكۆڵینەوە هیچیان لەسەر نەسەلمێنرا، ئەوان ئازاد كراون.

زیاتر گوتی، مردن و سەرشۆڕی بۆ ئەو دڵڕەشانەی كە ماسكەكەیان لەسەر دەموچاو لاكەوت و سەربەرزی و سەركەوتن بۆ پاڵەوانانی عێراق.

دوای ئەوەی ئەمەریكا زانیاری وردی دایە حكوومەتی عێراق بەوەی گرووپێكی سەر بە حزبوڵا لە بارەگایەكیان لە ناوچەی دۆرە سەرقاڵی خۆسازدانن بۆ هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و باڵوێزخانەی ئەمەریكا، شەوی پێنجشەم هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بە فەرمانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هەڵیان كوتایە سەر سەربازگەكە و 14 كەسیان گرت.

ئەو رووداوە چەندان كاردانەوەی پاڵپشتیكردن و سەركۆنەكردنی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوكاتەی میلیشیاكان و هێزە نزیكەكان لە ئێران بەتوندی سەركۆنەیان كرد و هێزیان رەوانەی ناوچەی سەوزی بەغدا كرد بۆ ترساندنی كازمی، خۆپێشاندەران و خەڵكێكی زۆر لەوانەی بەدەست ئەو گرووپە چەكدارانە و هێزە سیاسییەكان بێزارن، پاڵپشتیان لەو هەنگاوەی كازمی دەربڕی و بە پاڵەوانیان وەسف كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل