جووڵەی گەشتیاران لە مەرزی باشماخ لە 260 هەزارەوە بۆ سفر دابەزیوە

:: PM:04:54:29/06/2020 ‌
زیاتر لە سێ مانگە هیچ گەشتیارێك نەیتوانیوە لە مەرزی باشماخ بچێتە ئێران یان لە ئێرانەوە بێتە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ئاماری هەمان ماوەی ساڵی رابردوو دەگاتە سەرووی 260 هەزار كەس.

كۆرۆنا كاریگەریی تەواوی لەسەر جووڵەی گەشتیاری لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان هەبووە، بەڵام جووڵەی بازرگانی بەردەوامە و باشماخ كە یەكێك لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی و كوردستان و ئێران هەژمار دەكرێ، لەم رووەوە كاریگەریی وەرگرتووە.

بەگوێرەی ئیرنا، بەختیار رەحمانیپوور چاودێری گومرگەكانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت، لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردووی هەتاوی لە رێی دەروازەی باشماخەوە،  131 هەزار و 816 كەس چوونەتە ئێران و لە ئێرانیشەوە 133 هەزار و 770 كەس چوونەتە خاكی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمساڵ ژمارەكە 100% كەمی كردووە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵی هەتاوی كە لە 21ی ئادارەوە دەست پێ دەكات تا 21ی حوزەیران، هیچ گەشتیارێك لە دەروازەی باشماخ نەپەڕیوەتەوە و تەنیا بەشی بازرگانیی دەروازەكە چالاكە.
لەم سێ مانگەدا 57 هەزار و 898 بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

بەپێی ئامارێك كە ئەو بەرپرسە خستیەڕوو، لەم سێ مانگەدا 57 هەزار و 898 بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە هەرێمی كوردستانیشەوە 13 هەزار و 137 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر ئاودیوی ئێران بوون.

جووڵەی بازرگانیی لە مەرزەكە كە بە یەكێك لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێ، بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمتر بووە.



وشە - سلێمان تاشان