کەمپێنی لۆ_نا گەنجان لە هەواڵی ساختە و کێشەکانی وشیار دەکاتەوە

:: PM:04:58:29/06/2020 ‌
کەمپێنی "لۆ نا" کەمپێنێکی دیجیتاڵ ئۆنلاینە لەسەر تۆڕە كۆمەڵەیەتییەکان بە شێوەیەکی گشتی كارەكانی ئەنجام دەدات ، ڕێكخستنی ئیڤێنت و دیبەیت و راپرسی دەکات، 13 گەنجی دانیشتووی شاری هەولێر لە پشت كار و چالاكیەکانی كەمپێنی لۆ_نا؟ كاردەكەن بۆ هاندانی گەنجان بۆ بەشداری كردن لە گفتوگۆكان و بلاوكردنەوەی هۆشیاری بۆ كەمتر كەوتنە ژێر كاریگەری هەواڵی ساختە. لەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێ ڕای ئەو گەنجانە وەربگرین کە بەشدارن لەم کەمپینەیەدا.
ئامانجمان بەشداریکردنی گەنجانە لە پرسەکانی پێوەست بە خۆیان


بێگەرد سەربەست، قوتابی قۆناغی دووی کۆلێژی زانست بەشی فیزیا لە زانكۆی سەلاحەدین و ئەندام لە كەمپێنی لۆ_نا بە وشەی راگەیاند، لۆ_نا كار بۆ  گەنجان  دەکات، گەنجانی شاری هەولێر تەمەن /18 بۆ 25/ ساڵان  و گەنجانی شارەکانیتریش کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵانە دەتوانن  بەشداربن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ناوەڕۆکی كەمپێنی لۆ_نا؟ دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان هاندانی گەنجان بۆ بەشداریكردن لە گفتۆگۆکان بە شێوەیەکی گشتی و بەشداری گفتوگۆی پرسە سیاسیەکان بەشێوەکی تایبەتی. دووەم، بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بۆ كەمتر كەوتنە ژێر كاریگەری هەواڵی ساختە، چونكە لە ئێستەدا سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو دیاردەیەی تیادا بەدی دەكێت کە بێگومان دیاردەیەکی مەترسیدارە.

"کەمپێنی لۆ_نا؟ یەکێکە لە پرۆگرامەكانی رێخراوی سپاركی هۆڵەندی كە پاڵپشتی  ئەم كەمپەینە دەكات و راستەوخۆ لەگەڵمانن، جگە لەم رێخراوە هیچ كەس و لایەن و حزبێك پاڵپشتی كەمپێنی لۆ_نا؟ نیە" بێگەرد سەربەست وای گوت.


بەهرە محەمەد ئەمین ئەندامی كەمپێنی لۆنا لەبارەی بەشداری کچان لەو کەمپێنەیە بۆ "وشە" دەڵێ، ناكرێت هیچ كایە و كارێكی كۆمەڵگە بێ ئامادەیی كچان بەڕێوەبچێ یاخود رۆڵیان پەراوێز بخرێت، بۆیە وەك كچێك بەشداری لە كاروباری گشتیدا بە ئەرك دەزانم، كەمپەینی لۆنا وەك گشت كارە خۆبەخشەكان كارێكی  گشتیە و توێژێكی بەرچاوی كۆمەڵگەی بە ئامانج گرتوە كە گەنجانن، منیش هەر لەو روانگەیەوە كە هەمیشە خواستی خزمەت كردنی گشتی و سوود گەیاندن بە هاورێ و هاوتەمەنەکانم بووە و تایبەتمەندی لۆناش ئەوەیە كە دەرفەتی بۆ كەسی خۆبەخش رەخساندووە بۆ ئەوەی لە پاڵ خزمەتی گشتی دا خۆی پێ بگەیەنێت و لە چەندین بواردا شارەزایی بە دەست بهێنێت، بریاری بەشداری كردنم دا.

بەهرە ئاماژە بەوەیش دەدات، ئەو کەمپێنە رێگەیەكە بۆ گەنجان تا لە چەندین چالاكی و كاری ئۆنلاین و ئۆفلاین دا بەشدار بن و زانیاری و بابەتی گرنگ لە پسپۆرانەوە وەربگرن وهەروەها لەرێگای گفتوگۆی ئاشتیانەوە كێشەكانی خۆیان تاوتوێ بكەن و چارەسەری بۆ پێشنیاز بكەن...هەر لە میانەی ئەم هەڵمەتەدا گەنجان بەرچاوڕوون دەبن لەبارەی هەوالی ساختە و ناڕاستەوە تاوەكو خۆیانی لێ بپارێزن.

هەولێر/ پەریهان عومەر



وشە - هیدایه‌ت جان